هەرێم نیوز
تۆڕی میدیایی "کان"ی ئیسرائیلی لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە بڵاویکردەوە، ئیسرائیل دانوستانێکی دیپلۆماسی نهێنی لەگەڵ ڕووسیا سەبارەت بە ئێران و سوریا ئەنجام دەدات.
دانوستانەکان نزیکەی هەفتەیەک دوای کۆتایی هاتنی شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران و ڕاگەیاندنی ئاگربەست ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو دەستی پێکردووە.
بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتە، کاربەدەستانی ئیسرائیل، ڕووسیا وەک ناوبژیوانێکی ئەگەریی بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان لە سوریا دەبینن کە لە ئێستادا لە پەیوەندیدان بۆ ئاساییکردنەوەی نێوانیان. بەهەمان شێوەش لە بارەی ئێرانەوە گفتوگۆ دەکەن.
لە هەمان کاتدا ئیسرائیل چوارچێوەیەک بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئەمریکا لەسەر پرسی ئەتۆمی ئێران دادەڕێژێت، هاوشێوەی ئەو لێکتێگەیشتنانەی ساڵی ڕابردوو لەگەڵ واشنتۆن لەسەر ئاگربەست لەگەڵ لوبنان لە مانگی نۆڤەمبەری ڕابردوودا گەییشتوون.
لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژەی بەوەشکراوە، چاوەڕوان دەکرێت ئەو هەوڵە تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەی بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیران بێت لەگەڵ سەرۆک دۆناڵد ترەمپ لە واشنتۆن هەفتەی داهاتوو.
بە گوتەی ئەو میدیا ئیسرائیلییە، بەرپرسانی ئیسرائیل هیوادارن هێڵی سووری سەرەتایی دیاریبکەن و میکانیزمێکی هەماهەنگی دابمەزرێنن تاوەکو ئامادەکاری بکرێت بۆ ئەگەری زیادبوونی چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران.
باس لەوەش دەکات، ڕووسیا ڕۆڵێکی سەرەکی بینی لە گواستنەوەی کۆگای یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئێران لە ساڵی ٢٠١٥ لە سەردەمی سەرۆک ئۆبامادا.
ئاماژە بەوەش کراوە، هێشتا زووە بڵێین ئایا مۆسکۆ ڕۆڵێکی هاوشێوە لە دۆخی ئێستادا دەگێڕێت یان نا، بەڵام ڕووسیا لە کاتی ململانێی مانگی حوزەیراندا پێشنیاری نێوەندگیری لە نێوان ئێران و ئیسرائیلدا کرد و لەو شەڕەدا هیچ پشتیوانییەکی سەربازیی بۆ ئێران نەکرد- هەرچەندە ئێران یارمەتی مۆسکۆ دەدات لە شەڕی ڕووسیا لەگەڵ ئۆکرانیا.