هەرێم نیوز
راوێژکاری پێشووی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا رایگەیاند، "ئێمە دەبێت کارەکە لە ئێران تەواو بکەین" ، دەشڵێت، چەکداماڵینی تەواوەتی ئەتۆمی بەبێ گۆڕینی ڕژێم لە تاران بەدی نایەت.
جۆن بۆڵتۆن، ڕاوێژکاری پێشووی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا، لە وتارێکدا لە ژێر ناوی "دەبێت کارەکە لە ئێران تەواو بکەین"، خۆشحاڵی خۆی لە هێرشە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان لە ئێران دەربڕی و ڕەخنەی لە ڕاگرتنی پێشوەختەی ئەو هێرشانە گرت و داوای کرد کە هەنگاوی یەکلاکەرەوە بۆ لەناوبردنی ژێرخانی ئەتۆمی بە تەواوی بگیرێتەبەر.
لە بەشێکی ئەو یاداشتەدا کە لە ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز بڵاوکراوەتەوە، نووسیویەتی، چەکداماڵینی تەواوەتی ئەتۆمی بەبێ گۆڕینی ڕژێم لە تاران بەدی نایەت و جەختی لەوە کردووەتەوە: "دەبێت واشنتۆن پشتیوانی گۆڕینی ڕژێم لە تاران بکات".
بۆڵتۆن "مۆدێلی لیبیا"ی وەک تاکە ڕێگە بۆ دەربازبوون پێشنیار کرد.
جۆم بۆڵتۆن ئەوەشی نوسیوە: بە پێچەوانەی موعەمەر قەزافی، مەلاکان کە پێشتر بە قووڵی زەلیل کراون، دەزانن کە زەلیلکردنی زیاتر دەسەڵاتەکەیان لاواز دەکات.
لە کۆتایی وتارەکەیدا، بۆڵتۆن بە ئاماژەدان بە ئەگەری ئیرادەی ئیسرائیل بۆ گرتنەبەری هەنگاوی سەربازیی زیاتر، ئەو پرسیارە دەوروژێنێت کە ئایا ئیدارەی ئێستای ئەمریکاش ئیرادەی هەیە بۆ ئەوەی ئەم ڕێگایە بگرێتەبەر؟