هەرێم نیوز
ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، سەبارەت بە دانوستان لەگەڵ ئەمەریکا رایدەگەیەنێت، رای گشتی لە ئێستادا ئەوەندە تووڕەیە، تەنانەت کەس ناوێرێت باسی دانوستان و دیپلۆماسی بکات.
بەقایی، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی "سكای نیوز" وتی: ئەوەی لە 12 رۆژەی (دەستدرێژیی زایۆنی-ئەمریکی) روویدا، دوژمنكارییەكی کتوپڕ و ناڕەوا بوو لە دژی ئێرانییەکان، نزیکەی هەزار هاوڵاتیمان شەهید بوون.
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ئەگەری گەڕانەوە بۆ دانوستان لەگەڵ ئەمریکییەکان وتی: دیپلۆماسی هەرگیز کۆتایی نایەت، بۆیە دەبێت چاوەڕێ بکەین و ببینین، چونکە نامانەوێت ئەو شتە دووبارە ببینینەوە کە پێی دەڵێین ناپاكی لە دیپلۆماسی. جەختیشكرد لەوەی، دامەزراوە ئەتۆمییەکانیان زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە.
سەبارەت بە ئەگەری كۆبونەوە لەگەڵ ستیڤ ویتکۆف، لە هەفتەكانی داهاتووشدا وتی: لە پەیوەندی ناڕاستەوخۆدان، وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ هاوتاکانی لە عومان و قەتەر و وڵاتانی دیکەوە قسە دەکات، وەک وتم دیپلۆماسی هەرگیز کۆتایی نایەت، دەبێت چاوەڕێ بکەین و بزانین چی روودەدات، دەبێت دڵنیابین لەوەی کە دووبارەبوونەوەی ئەو شتانە نابینین کە لە 13ی حوزەیران روویاندا، کاتێک خۆمان بۆ خولێکی دیکەی دانوستان ئامادە دەکرد، لەناکاو تەقینەوەکان روویاندا.