هەرێم نیوز
پێگەی ئەکسیۆس-ی ئەمریكی بڵاویکردەوە، بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرئیل لە چەند كاتژمێری داهاتودا شاندێك ڕەوانەی قەتەر دەكات بۆ درێژەدان بە دانوستان لەگەڵ بزوتنەوەی حەماس، بزوتنەوەكەش دەڵیت، "وەڵامێكی ئەرێن پێشنیازی ئاگربەستیان داوەتەوە كە هەمو گروپ و هێزەکانی فەلەستین پێشوازییان لێكردوە".
پێگەی ئەکسیۆس-ی ئەمریكی، ئەمڕۆ شەممە لە زاری کاربەدەستانی ئیسرائیلەوە بڵاویكردوەتەوە، بڕیارە بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە چەند کاتژمێری داهاتودا بڕیار بدات تیمێکی دانوستانکار ڕەوانەی دەوحەی پایتەختی قەتەر بکات بۆ دەستپێکردنی دانوستانی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ بزوتنەوەی حەماس.
بە وتەی بەرپرسانی ئیسرائیل، ئەم هەنگاوە بە ئامانجی پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەی کە لە نێوان هەردولادا ماونەتەوە، لە هەوڵێکدا بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی لەسەر ئازادكردنی بارمتەكان و ئاگربەست لە کەرتی غەززە.
نوسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل تا ئێستا هیچ ڕاگەیاندنێکی فەرمی سەبارەت بەو هەنگاوانە دەرنەکردوە، لە کاتێکدا نێوەندگیرییەکان بەردەوامن لە هەوڵەكانیان بۆ بە ئەنجام گەیاندنی دانوستانەکانی ئاگربەست.
لایخۆیەوە حەماس ڕایگەیاند، زنجیرەیەک پەیوەندیی چڕ و پڕی لەگەڵ سەرکردەکانی گروپ و هێزەکانی فەلەستینی ئەنجامداوە بۆ ڕاوێژ و هەماهەنگی، سەربارەت بە وەڵامی بزوتنەوەكە بۆ ئاگربەست لە کەرتی غەززە و میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی.
حەماس دوپاتیکردەوە، دوای تەواوبونی ڕاوێژکارییە ناوخۆیی و دەرەکییەکان، وەڵامێکی یەکگرتوی پێشکەش بە نێوەندگیرەكان کردوە، کە بە "ڕۆحێکی ئەرێنی" و بە کۆی دەنگ داڕێژراوە، کە هەمو گروپ و هێزەکانی فەلەستین پێشوازییان لەو وەڵامە کردوە.