شاعیری گەورەی ڕەشپێستەکانی ئەمریکا (لێنگستۆن هیوز)، دەڵێت:-
(بەدبەختی ئەوەیە کە تۆ دەتەوێت یارمەتی ، ئافرەتێکی بەتەمەنی سپی پێست بدەیت لە شەقامێک بپەڕێتەوە ، کەچی ئەو وا دەزانێت ، تۆ بەتامی دزینی جانتاکەی ئەویت ، تەنها لەبەر ئەوەی ڕەش پێستیت)
...................................
خەیاڵ وەک کڵافەی دەزوو بەیەکدا دەچێت،ئەگەر دانەیەکیان گرێ نەدەیت ، هەموویان لێکترد دەئاڵۆسکێن . چەند بەد بەختە ئەو (قاز) و (مراوی)انەی نیشتیمان کە خودا پەڕەی قاجەکانی بۆ ناو ئاو دروست کردن و کەچی لەسەر چیمەنتۆی ناو کۆڵانەکان پیاسەیان پێدەکراو لەگەرمادا بنی پێیان سووتا ، چەند بەد بەختە ئەو سەگەی لە نیشتمانێکدا لە دایک دەبێت و بەختی ئەوەی نییە بەدەستەکانی گڵ و هەڕگ هەڵدڕێت و بیکاتە ماڵی خۆی و کەچی هەر ڕۆژە و خۆی و بێچووەکانی وەک کرێچیەک لە پشتی ماشێنێکدایە و شارە و شار و باخە و باخ و شەقام بەشەقامی پێئەکەن.
چەند بەدبەختە ئەو پشیلە و کتکەی لەبەر سیکۆتین و تەڵەی مشک ،پاروویەکی وەک جاران دەست ناکەوێت ، ئەوەندە بەدبەخت بووین.
دەیان ساڵە کهوچێک چێشتی ماڵە دراوسێیەکمان نه خواردووه، دیواری نێوان ماڵەکان ئەوەندە بەرز بوونتەوە بواری ئەوە نیە وەک جاران قاپێک شۆربا، بدەین بەدەست یەکەوە و پاشان دەفرێک خۆشەویستی یان (سەوین)ێک هەڵوژە و ترێ و مێووژ بۆ یەکتری ، بنێرینەوە.
...................
تۆفان كه لە جەنگەڵدا هەڵدەسێت ، هیچ درەختێک تەنها نییە ،
پشتی هەر درەختێک درەختێکی ترە ،لە جەنگەڵ درەختەکان بە پێوە ئەمرن،شان بەشانی یەکترەوە ، ڕەگیان لەیەکتری ئالاوە ، یان هەموویان پێکەوە دەمرن یان هەموویان پێکەوە دەڕۆن ... سەد بریا تۆ جەنگەڵ بوویتایە وەتەن،
شانت بنایە بەشانمانەوە ، وەک چۆن ئێمە شانمان نا، بە شانی سەگ و پشیلە و درەخت و مرۆڤ و شەقام و مەراق و کەسەر و زگار و خەمی تۆوە.
ئەوانەی دەمرن لە گۆڕدا خەون دەبینن کە ژیان شادی بوو ، ئەوانەی بێداردەبنەوە دەبینن ژیان ئازار بوو ، ئێمە خراینە دۆخی (کۆما) و بێ ئاگاهییەوە ، نە ئامێرەکانی سەرجەستەمان لادەبەن، تابمرین و خەون بەشادییەوە ببینین ، نە چاکمان دەکەنەوە ، تا شان بدەینە بەر ئازارەکانی، تۆ وەکو (مۆرانە) هەموو شتێکی ئێمەت خوارد ، تەنها دڵتەنگی و خەمەکانمان نەبێت ، وەتەن.
............................
ئەڵێن (ڕێگای جوان قەد بڕی نییە) قەد بڕی بۆ ڕێگای سەخت و دژوارە ، ئەوەی بەناو گوڵ و گوڵزار و چەمەن و مێرگدا بڕوات ، نایەوێت ڕێگاکە کورت بکاتەوە ، بۆ ئەوەی ئەم ڕێگا پڕ ئازارە کورت بکینەوە ، دەبێت قەد برێکی تێکەین :-
ئەڵێن جارێکیان ڕێکخراوێکی خێرخوازی ، ڕۆشتبوون بۆماڵێک بۆ ئەوەی یارمەتیان بدەن ، گوتبوویان چیتان پیویستە بۆتان بکەین ، منداڵێکی بچکۆلەش وتبووی سوپاس بۆ خودا لە هیچمان کەم نییە !
ئەوانیش وتبوویان (ئا تۆ لاچۆ بڕۆ دایک و باوکت بانگ بکە) ، مندالەکەش گوتبووی بەخوا بەراستمە ، ئەمشەو باوکم دانیشتبوو لە ناومان دانەیەکی لێبەربوویەوە ، دایکم پێکەنی وتی (دەست خۆش پیاوەکەگیان ، لەم دۆخەیا هەر لەمەمان کەم بوو)
مرۆڤ لەوە دەترسێ ، دەستی نیشتیمان و ئەم هەموو مەراقە بگرێت و بیەوێت لە شەقامێک ، لەتنگژە و دۆڵێک ، بیپەرێنێتەوە ، کەچی هێشتا ئەو گومانی ئەوە لە تۆ بکات کە بە تەمای شتێکی لێبکەیت ، دزێکی سپی پێستی نیشتیمان ، کە داروپەردووی ئەم نیشتیمانەی هەڵلوشیوە و تێرناخوات هێشتا ئەو بەتۆ بلێت ،هەر لەم پرتەو بۆڵەیەمان کەم بوو.
کورد ئەڵێ (لە گوڵیان پرسی زۆر گەشیت؟ وتی باخەوانەکەم مەردە) ئەو ناهێڵێت بێ ئاو و نان بم ، منیش پرتەو بۆڵە ناکەم و سیس نابم و هەر گەشی و جوانی و بۆن دەبەخشمەوە.
ڕیگای درێژکورت ناکەموە بە پریاسەکەیەکەوە ،لەکوێ دڵم گرتی دادەنیشم و گۆرانی بۆ درەخت و مرۆڤ و باڵندە و ژیان دەڵێم نەک بەقەد بڕی.
(ناری سینەم ، گەر نەبێ غەرقم ئەمن
ئاوی چاوم گەر نەبێ سووتاوم ئەز)
نوقتە سەری دێڕ ....
ئا. هێمن عەبدولقادر