دواین هەواڵ

کۆمەڵایەتی‌

 6 رۆژ پێش ئێستا

نا ئومێدی .. خراپترە لە تەسلیمبوون!

........
دواجار درەختیش دەبێت بمرێت ، بەڵام ئایا دەبێت واز لە چاندنی تۆو بهێنین، ئەوە جۆرێکە لە ترسنۆکی و خۆبەدەستەوەدان.

ئەو سەربازەی کە لە هاوڕێکانی جێدەمێنێت و دەکەوێتە بۆسە و خەڵی دوژمنەکانیەوە ، ئەگەر ڕۆژبێت ، هەتا شەو بەرگری دەکات ، بە ئومێدی ئەوەی دونیا تاریک بوو دەلاقەیەک بدۆزێتەوە بۆ دەربازبوون.
خۆ ئەگەر شەو بوو دیسان بەرگری دەکات ، بە ئومێدی ئەوەی دونیا ڕوناک بوویەوە هاورێکانی بێن بە هانایەوە ، تەسلیمبوون واتا مردن ، واتا سوکایەتی پێکردن ، سەربازی ئازا ئەگەر هەر دەربازیشی نەبوو ، وەکەسیش نەهات بەهانایەوە ، تەسلیم نابێت ، بەڵکو ئومێدی خۆی لەسەر دواین فیشەک هەڵدەچنێت.

(کاتێک لە نیوەشەودا دونیا دەگاتە ئەو پەڕی بێدەنگی و تاریکی ، واتا خەریکە خۆرهەڵهاتن نزیک دەبێتەوە) 
.....................................
دەنگە دەنگی و یاری مندالەکان بڕێک لە نائومێدی گەورەکان دەڕەوێننەوە ، تەنانەت مندالەکانیش دەتوانن وانە گەلێکی مەزن ، فێری گەورەکان بکەن ، مندالەکان فێرمان دەکەن بەبێ هۆ دڵخۆش بین ، فێرمان دەکەن هەمیشە خەریکی شتێک بین و دەستپێبکەینەوە.

هەموو بەیانیەک خۆرهەڵدێ ،گوڵەکان چاوەڕێی هەنگەکان ئەکەن ، ئاوەکان دەگەڕێنەوە بۆ سەرچاوەکانیان ، منداڵەکان هێشتا نازانن ڕق و کینە چیە ئەوان هەموو بەیانیەک هۆیەک ئەدۆزنەوە بۆ ئەوەی پێبکەنن، مندالەکان کە بەیانی هەڵدەستن بیریان دەچێتەوە دوێنێ لە گەڵ کێدا شەڕیان کردووە ، پێویستە یارمەتی منداڵەکەی ناخمان بدەین ، تا بەبێ هۆ پێ بکەنێت!
.......................... 
کە لە کۆڕەوەکەی ساڵی نەوەد و یەک هاتینەوە ، کەوتین بەسەر پرسەی جوانترین کوڕی گەڕەکەکەماندا ، هاوڕێکانی باسیان دەکرد ، وەختێک لە کەرکووک کشاونەتەوە ، چەندجار تکاو ڕجایان لێکردووە نەگەڕێتەوە ، بەڵام ئەو گەڕایەوە بەتەنها بۆ ئەوەی منداڵێکی مەلۆتکەکراو کە بەجێ مابوو ڕزگار بکات ، وەختێک منداڵ ئەبەستێت بە پشتیەوە و تفەنگەکەی بەدەستیەوە ، کۆپتەر ئەگاتە سەری و خۆی و مندالەکە شەهید دەکات.

لە فیلمی (پیاسەیەک لە ناو هەورەکاندا- A Walk in the Clouds) ڕەزێکی گەورەی ترێ دەسوتێت ، بەڵام لە کۆتایی ئاگرەکەدا ، ڕەگی تەنها یەک درەخت ئەدۆزنەوە کە نەسوتاوە و هەمووان دەست ئەکەنەوە بە پێکەنین ، چونکە لەو ڕەگەوە ، لەو منداڵەوە ، دەکرێت دەست پێبکەینەوە ، با ڕەزەکە و  با ژیان و نیشتیمانیش بسوتێن ، کە مندالێک پێدەکەنێت ، یان لە دایک دەبێت نیشانەی ئەوەیە هێشتا (خودا ئومێدی بە مرۆڤ ماوە) ، کە مندالەکانمان لە کۆڵان پێدەکەنن دڵخۆش دەبن ، هێشتا ئومێدێک بۆ ژیان ماوە ، ستەمکاری خۆی چییە ؟ جگە لە نەهێشتنی پانتایی شادی و پڕ کردنی دونیا لە غەمگینی و گریانی مندالەکان.

نوقتە سەری دیڕ .......
.............................................
جا لەو مەنتیقەیەی ئێمە لەسەعات شەشی بەیانییەوە جەژن دەستی پێکردووە ، بەدەلیلی ئەوەی ئاگام لێبوو هەم منالەکان سەگیان ڕاو ئەنا هەم جارجار سەگەکان بە هاوکاری ناوخۆ مۆڵگەکانی خۆیان وەر ئەگرتەوە 😁، سوێند ئەخۆم لە تایلەند و لاوس و بۆرماش بەقەد ئەو مەنتیقەی ئێمە ماتۆڕ و مەلیکەی تیا نییە پایتەختی ماتۆڕی دونیا 😁، 

مناڵی تییایە لەسەر دەمی (مارکۆ پۆلۆ)وە نەگەڕاوەتەوە مالەوە ، هەر لە کۆڵان ئەخەون😁 ، 
تەلیسکۆبی (جێمس وێب) لە دوری یەک ملیۆن و پێنجسەد هەزار کیلۆمەترەوە لە نوقتەی دووەمی لاگرانژ (l2) ئاگای لە نیوەی گەردوون هەیە ، دایک و باوک هەیە لە باڵکۆنەکەی خۆیان لەبەر طورطە و سناپ ئاگایان لە مندالەکەیان نییە ، بە سواری ماتۆڕی ئێم زێتی دەبڵ ئەگزۆز چۆن ئەو خەڵکەو خۆشیانی جەرگ سووتاو کردووە 😁 .

جەژنی هەموو لایەک پیرۆزبێت و گەردنمان ئازاد بکەن و گەردنتان ئازاد بێت ،هەر لە جەژندا بن🌹



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP