دواین هەواڵ

کۆمەڵایەتی‌

 2 رۆژ پێش ئێستا

خۆبوون یان تەقلیدکردنەوە؟

هەرێم نیوز

ئەگەر من وتم "فڵان سەرکردە مرۆڤێکی زۆر باش و بەتوانایە"، بە دوامدا کەسێکی دیش هەمان شت بڵێتەوە. ئینجا کەسی سێیەمش سەیری ئێمە دەکات دڵمان بەو سەرکردەیەدا چووە، ئەویش دوامان دەکەوێت، ئەوا بۆی هەیە چوارەم و پێنجەم و ئەوانی دیش هەمان شت بکەنەوە. تۆ رەنگە بە هەمان شێوە حزبەکەشت هەڵبژاردبێت. 

ئەگەر من وتم "ئەو کوڕە کوڕێکی زۆر باشە"، ئینجا زوو زوو پێت بڵێم: "شوی پێ بکە..شوی پێ بکە...شوی پێ بکە..."، بەدوایدا کەسێکی تریش لە هەمان بازنەی پەیوەندی تۆدا وا دەڵێت، سێیەمیش دێتە پاڵی. ئیدی ئەو کەسە بۆ تۆ ئەبێت بە جێی سەرنج و رەنگە شوی پێ بکەیت. 

بە هەمان شێوە، کەسێک بە ئێمەی وت دوای ئایدیۆلۆجیایەک بکەوین (بۆ نمونە ئیشتراکییەتەکەی سۆڤێتی جاران، واتە شیوعییەکان) کەسێکی تریشی راکێشا، سێیەمیش هەمان هەستی توش بوو، ئیدی دانە دانە شوێن شیوعیەت کەوتین. رەنگە بەشێك لە مسوڵمانبوونیش هەر وابووبێت: کەسێک وتی بووم بە مسوڵمان و ئاسودەم، کەسێکی تریش هەمان شتی کرد، ئیدی دانە دانە ریزەکەیان درێژکردەوە. تۆ تەنانەت دەبیت بە شیوعیی یان مسوڵمان و پەیڕەوی دەکەیت بەو شێوازەی تۆڕەکەی چواردەورت بڕیاری لەسەر داوە. بۆیە گروپەکەی تۆ بە شێوەیەک شیوعیین یان مسوڵمانێتی دەکەن و گروپەکەی تریش بە شێوەیەکی تر، ئیدی هەر بەو شێوەیە. 

بەشێکی زۆری بزنزیش لەسەر ئەم ئایدیایەوە بینا کراوە. تۆ شوێنی حەزی کەسێکی تر کەوتویت، ئەو وتویەتی کاڵا و خزمەتگوزارییەکانی ئەو کۆمپانیایە بکڕە و ئیدی بە دوایدا سەرە گیراوە. یان بچۆرە لای فڵان پزیشک تا جوانتر بیت، ئیدی سەرەکە دەستی پێ کردووە.  

ئەمە تەقلیدکردنەوەیە. دیوی باشی چییە؟ 

دیوی باشی ئەم دیاردەی تەقلیدکردنەوەیە ئەوەیە کە تۆ بە هەمان شێوە دەتوانیت کاڵاکانت بفرۆشیت و قازانج بکەیت. واتە حەز لەناو کڕیاراندا دروست دەکەیت. کەسێکی جێ متمانە بیت، بە هەمان ریتم رەنگە کەسایەتیی خۆت بناسێنیت. دیوێکی تریش رەنگە ئەوە بێت رێگەکە کورت دەکەیتەوە و بڕیار ئاسان دەکەیت.   

دیوی خراپی چییە؟ 

ئەوەیە تۆ لە شوێنێکدا و لە ئەنجامی ئەو هەڵمەتەی کراوەتە سەرت، رەنگە بەرچاوت تاریک ببێت، ون دەبیت و دوای شتێک کەوتویت کە سەراب و تارماییە. کاتێک خەبەرت دەبێتەوە نیوەی تەمەنت رۆشتووە. بەدوای ئاسودەییدا گەڕایت، بەڵام هەڵسەنگاندنی خۆتت نەبوو. بۆ نمونە، لەسەر قسەی ئەوانی دی شوت کرد یان ژنتهێنا، بەڵام درەنگ وەختێك تێگەیشتی هەڵەیەکی گەورە بوو. کاتێک تێدەگەیت، خێزانەکەت وێران بووە.  یان چەقیویت و دەرگایەکی دەربازبوون نابینیت. 

بەم مانایە، ئایدیای تاکخوازیی ئەسڵ و ئەساسی نیە. ئەوەی گوایە مرۆڤ لەم سەردەمەدا لە خودی خۆیەوە نزیکە، گوایە خۆیەتی نەک کەسێکی تر و ئۆتۆنۆمی هەیە، فشەیەکی گەورەیە. تۆ لە تەنهایی و رێگەی خۆت لە ژیانکردندا دەترسیت، یەکسەر خۆت فڕی دەدەیتەوە ریزێکەوە. بژاردەکان هی تۆ نین، بۆت دروستکراون و هی چواردەورتن. ئەمانەم لە وتارێکی جیراردا خوێندۆتەوە. ئێمە تەنها دڵی خۆمان خۆش دەکەین کە کەسێکین سەربەخۆیی خۆمانمان هەیە، خۆمان بڕیار دەدەین و لە ژێر کاریگەریی ئەوانی دیکەدا نین. هەر یەک لە ئێمە ئیستینساخی کەسێکی ترە، حەز و ئارەزووەکانی لە کەسێکی ترەوە کۆپیی کردووەتەوە.

گرفتی دووەم کە توشمان دەبێت ئەوەیە ئەم حەزە تەقلیدکراوە جۆرێک لە جۆرەکانی توندوتیژیی دەهێنێت بۆت. هۆکارەکە ئەوەیە لە کۆتاییدا تۆ ناتوانیت ئەوە بە دەستبهێنیت کە کەسانی دیکە بە دەستیان هێناوە یان بۆیان دانایت، چونکە هەرگیز دەرفەتی یەکسان و پێویست (کافیی) بەردەست نییە. ئەو کاتەش توڕە و بێزارت دەکات، یان بەرامبەر خۆت توندوتیژی یان چواردەورت. شێوازی ژیانی بەرامبەرەکەت تۆی خستووەتە ناو کێبڕکێیەکی گەورەوە، هەرچی دەکەیت کەسێکی تر هەیە لە چواردەورت کە سەرنجڕاکێشتر و ئازا و راوکەرترە، راوی پارە بێت یان شتێکی دی. 

لێرەوە مرۆڤ بە جۆرێکی دیکە مرۆڤێکی کۆپیی و تەقلیدە. تەقلیدی کۆنی تێپەڕاندووە بەڵام سەرلەنوێ لەناو تەقلیدێکی تردا ئەژی. ئەمەش وەک پەتا بەناوماندا بڵاودەبێتەوە.  

کێشەی سێیەمش روودەدات: دوای ئەوەی هەموومان هەمان شت دەکەینەوە، باوەڕمان وای لێ دێت ئەوە رێگە راست و سەرنجڕاکێشەکەیە. ئیدی ئارەزووی ئێمە لە رکابەرییەوە لەسەر شتەکە، دەگوازێتەوە بۆ رکابەریی لە نێوان یەکتردا، هەر یەک لە رێی گروپەکەی خۆیەوە. وردە وردە ئامانجە هاوبەشەکان نامێنن. کۆمەڵگە و دامەزراوەکانی، بە خێزانیشەوە، وێران دەبێت.  

دواتر، شتێکی دی روودەدات، کە پێی دەڵێن بزنی قوربانیی (scapegoat). بیرۆکەکە ئەوەیە ململانێ دەگاتە شوێنێک دەستی تۆمەت بۆ یەکتر درێژ دەکەین، بەڵام لەناوماندا گروپێک دەبنە بزنی قوربانیی و هەموو دەستە چەورەکە بەسەر ئەو گروپەدا دەسڕین. لە دوای ئەزمونکردنی توندوتیژیی و وێرانکردن، ئینجا سروتی رۆحیی بۆ ئاشتەوایی کۆمەڵگە دەچڕینەوە و پەشیمانیی حاسڵ ئەکەین.

رەنگە یەکێک لە چارەسەرەکان ئەوە بێت هەمیشە لە زیاد لە سەرچاوەیەکەوە زانیاریی و زانین وەرگرین، وریا بین لەوەدا نەکەوینە ژێر کاریگەریی ئەو هەڵمەتانەی دەکرێتە سەرمان، پاشان بڕیارەکانمان بدەین و رێگەیەک هەڵبژێرین بەبێ ئەوەی تۆمەت بخەینە پاڵ ئەوانی دی بەو هۆیەوە لەسەر رێێ ئێمە نین، بەبێ ئەوەش ئامانجە هاوبەشەکان لە دەست بدەین. 
.......
تێبینیی: 
بیرۆکەی نوسینەکە لە وتارێکی جیراردا ( rené girard) خوێندومەتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP