هەرێم نیوز
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، ڕایدەگەیەنێت: جێگەی داخە هەندێک کەس و لایەن کە لە پەنجەکانی دەست تێپەڕناکات، نابەرپرسانە مامەڵەیان لەگەڵ پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کرد.
شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سهرۆكی ئهنجومهنی نوێنهرانی عێراق، ئەمڕۆ هەینی له پهیامێكدا سهبارهت به لێکتێگەیشتنی نێوان حكوومهتی ههرێم و حكوومهتی فیدراڵ، وێڕای دهربڕینی خۆشحاڵی بۆ خهرجكردنی مووچهی فهرمانبهران، جهخت لهسهر ڕۆڵی یهكڕیزیی هێزه سیاسییهكان و خۆڕاگریی خهڵكی كوردستان دهكاتهوه له شكستپێهێنانی پیلانگێڕییهكان. هاوكات ڕهخنه لهو كهس و لایهنانه دهگرێت كه به شێوهیهكی نابهرپرسانه ههوڵی تێكدانی ڕێككهوتنهكانیان داوه.
جەختی لەوەش کردەوە، دیسان ئەوە سەلمێندرا کە هێز لەیەکگرتن و یەکڕیزی دایە، ئەمەش چەکێکی بەهێزە بۆ زامنکردنی مافەکانمان و ڕووبەڕووبوونەوەی هەر پیلانێک لە دژی خەڵک و خاکی هەرێمی کوردستان.
دهقی پهیامهكه:
دوای لێکتێگەیشتنی نێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی ئیتحادی، ئەم چەند خاڵە دەخەمەڕوو:
یەکەم: مایەی خۆشحاڵییە دوای 80 ڕۆژ، فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان هەواڵێکی خۆش دەبیستن، کە ئەویش سەرفکردنی مووچەی مانگەکانی (5) و (6)ی ساڵی 2025.
دووەم: ئەگەر هۆشیاریی خەڵکی کوردستان و درککردنیان بە پیلانی لەناوبردنی ئەزموونی هەرێم و خۆشەویستییان بۆ خاک و نیشتمان نەبووایە، ئەوە چ ئیرادەیەک دەیتوانی بەرگەی سەختیی ژیان و بێمووچەیی بگرێت بۆ ماوەی نزیکەی سێ مانگ؟ ئەم هەڵوێستەی خەڵکی کوردستان لە کاتێکدا مایەی سوپاس و پێزانینە، لە هەمان کاتدا هەموو ئەو دەنگۆیانەشی لە گۆڕ نا کە دەیانگوت ئینتیمای نیشتمانی لای خەڵکی هەرێمی کوردستان نەماوە یان لاواز بووە.
سێیەم: دیسان ئەوە سەلمێندرا کە هێز لە یەکگرتن و یەکڕیزییدایە و چەکێکی بەهێزە بۆ زامنکردنی مافەکانمان و ڕووبەڕووبوونەوەی هەر پیلانێک لە دژی خەڵک و خاکی هەرێمی کوردستان.
چوارەم: مایەی داخە هەندێک کەس و لایەن، کە لە پەنجەکانی دەست تێپەڕ ناکەن، نابەرپرسانە مامەڵەیان لەگەڵ پرسی مووچەی فەرمانبەران کرد. بەداخەوە هەرکات نزیکبوونەوە و ڕێککەوتن دروست دەبوو، لێدوانێکی نابەرپرسانە یان بڵاوکردنەوەی داتایەکی نادروست، ڕێککەوتنەکانی دوادەخست تا ئەو کاتەی دەسەلمێنرا کە ئەو زانیارییە دوورە لە ڕاستییەوە. بەداخەوە خۆشباوەڕیی بەرپرسانی ئیتحادیش بۆ ئەو "فەیسبووکچی و لایڤچییانە" لە جێی خۆی نەبوو، تاوەکو ئەم دواییانە بۆیان دەرکەوت کە تەنها ئەو داتا و ژمارانە ڕاستن کە لەلایەن حکوومەتەوە و بە فەرمی پێشکەشیان دەکرێت.
پێنجەم: پێشنیاز دەکەم لە هەر بارودۆخێکدا کۆمەڵێک پرەنسیپ و پیرۆزی و بەهای نیشتمانی هەیە، بیانپارێزین و تەجاوزیان نەکەین. ناکرێت هێزێکی سیاسی هەبێت یان کەسێک لە هەرێم حەز بکات مووچە سەرف نەکرێت و خەڵک برسی بکرێت و کێشەکان بەردەوام بن، تەنها بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردن سوودی لێ وەربگرێت.
شەشەم: سوپاس بۆ یەکدەنگیی هێزە سیاسییەکان لەمەڕ ئەم پرسە، بەتایبەتی پارتی و یەکێتی. سوپاسی تایبەت بۆ جەنابی سەرۆک بارزانی کە بۆ ئەم پرسە بەردەوام لەسەر هێڵ بوو و هەمیشە نیگەرانیی خۆی لە سیاسەتی برسیکردنی خەڵکی کوردستان بە هێزە سیاسییەکانی ناوخۆ و دەرەوە دەگەیاند. سوپاس بۆ بەڕێز سەرۆکی هەرێم و سوپاسێکی تایبەت بۆ بەڕێز سەرۆکی حکوومەت، کاک مەسروور بارزانی، کە بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسە نەرمیی زۆری نواند و دەستبەرداری بەشێک لە مافەکانی هەرێم بوو. سوپاس بۆ شاندی حکوومەتی هەرێم و پشوودرێژییان. سوپاس بۆ بەرپرسانی کورد لە بەغدا، ئەوانەی ڕۆڵیان هەبوو لە یەکترگەیاندن و چارەسەرکردنی گرفتەکان.
لەکۆتاییدا هیوادارم ئەم پرسە بەشێوەیەکی یەکجاری کۆتایی پێ بێت و چیتر قووتی خەڵکی کوردستان تێکەڵ بە کێشەی سیاسی و کارگێڕی و هونەری نەکرێت.
شاخەوان عەبدوڵڵا