دواین هەواڵ

جیهان‌

 6 کاتژمێر پێش ئێستا

کوژراوانی شەڕەکەی سوەیدای سوریا گەیشتە 500 کەس

هەرێم نیوز

ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاندووە، لەو کاتەوەی لە ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردووەوە شەڕ لە سوەیدا دەستیپێکردووە، زیاتر لە "500 کەس" لەو ناوچەیە کوژراون.

هاوکات ئەحمەد شەرع سەرۆکی کاتی سوریا ئیسرائیلی تۆمەتبار کرد بەوەی کە هەوڵی دابەشکردنی سوریا دەدات و بەڵێنیدا ئاسایشی کەمینەی دروزەکانی ئەو وڵاتە بپارێزێت.

لێدوانەکانی ئەحمەد شەرع دوای ئەوە هات کە شەوی چوارشەممە بە نێوەندگیری ئەمریکا شەڕ و پێکدادانی کوشندە لە نێوان هێزەکانی حکومەت و چەکدارانی دروز لە باشووری سوریا کۆتایی هات.

بەڵام ڕۆژی پێنجشەممە، دوای لێدوانەکانی ئەحمەد شەرع، هەواڵەکان باس لە پێکدادانی نوێ لە نێوان هۆزە عەرەبەکانی بەدەوی سوننە و چەکدارانی دروز لە سوەیدا بڵاوکرانەوە.

فەرماندەیەکی بەدەوی بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند ئاگربەستەکە تەنها هێزەکانی حکومەت دەگرێتەوە و ئەو چەکدارە بەدەویانەی تێدا نەبووە کە هەوڵی ئازادکردنی ئەو هێزانەی خۆیان دەدەن کە لەلایەن دروزەکانەوە بە دیل گیراون.

ڕۆژی چوارشەممە ئیسرائیل هێرشی کردە سەر پێگەکانی حکومەتی سوریا، لەنێویاندا بینای وەزارەتی بەرگری لە ناوەڕاستی دیمەشق، بۆ پشتیوانی لە دروزەکان.

پاش هێرشەکانی ئیسرائیل و نێوەندگیری ئەمریکا، زۆربەی هێزەکانی حکومەتی سوریا لە ناوچەی سوەیدا کشایەوە.

دروزەکانی سوریا بەهۆی پێشینەی جیهادی و چالاکییەکانی پێشووی لە گروپە توندڕەوەکاندا، بە باشی سەیری ئەحمەد شەرع و حکومەتەکەی ناکەن.

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە بەکارهێنانی هێز بۆ پاراستنی دروزەکان و داوای دروستکردنی ناوچەیەکی بێ چەکی لە باشووری دیمەشق کرد.

هەروەها ئیسرائیل ڕێگەی بە کۆمەڵێک دروزی دا کە بۆ سەردانی کەسوکاریان سەفەری ئیسرائیلیان کردبوو، ڕۆژی پێنجشەممە بگەڕێنەوە بۆ ماڵەکانیان لە ناوچەی مەجدال شەمس لە بەرزاییەکانی جۆلان.

لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند کە سیاسەتی وڵاتەکەی بەرامبەر بە سوریا نەگۆڕاوە و وێڕای ئیدانەکردنی توندوتیژیەکانی سوەیدا، داوای لە حکومەتی دیمەشق کرد بەدواداچوون بۆ ئەو ڕاپۆرتانە بکات کە باس لە مامەڵەی خراپ لەلایەن هێزەکانی حکومەتەوە کراوە و سزای ئەو کەسانە بدات کە بەرپرسیارن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP