هەرێم نیوز
ئەمڕۆ پێنجشەممە بنیامیان ناتانیاهو سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، ئێمە جۆلان تا چیای دروزمان وەک ناوچەیەکی لەچەک داماڵراو دیاری کردووە.
لەبارەی شەڕ و گرژییەکانی ئەم دواییەی سوریا دەڵێت، ڕژێمی دیمەشق دوو هێڵی سووری ئێمەی پێشێل کردووە؛ یەکێکیان دەچێتە ناوچەیەکی مەدەنی و ئەوی دیکەیان دروزەکان دەکاتە ئامانج.
ناتانیاهو وتی، ڕێککەوتنی ئاگربەست لە سوەیدا و کشانەوەی هێزەکانی سوریا دەرئەنجامی ئۆپەراسیۆنە چارەنووسسازەکان و هێرشەکانمان بوو.
جەختیشی کردەوە، هیچ هێزێکی سوریا لە باشووری دیمەشق ئامادە نابێت. هیچ زیانێک بە دروزەکان ناگات.
باسی لەوەش کرد، رێگە نادەین سوپای سوریا بچێتە باشووری دیمەشق و هێرش بکاتە سەر دروزەکان.
ڕاپۆرتەکان لە سوریاوە باس لەوە دەکەن کە هێزەکانی حکومەت تا ڕادەیەکی زۆر لە پارێزگای سوەیدا لە باشووری ئەو وڵاتە کشاونەتەوە.
میلیشیاکانی دروز و هۆزە عەرەبەکانی بەدەوی چەند ڕۆژێک بوو شەڕیان کردبوو، پاشان ئیسرائیل بۆ پشتیوانی لە دروزەکان هێرشی کردە سەر دیمەشق و ئەو هێزانەی حکومەتی کاتیی سوریا کە پێشڕەوییان دەکرد بۆ سەر سوەیدا.
ئیسرائیل دەڵێت هێرشەکەی بۆ پاراستنی کەمینەی دروزەکان و ئاسایشی نەتەوەیی خۆی دەستپێکردووە و داوای دروستکردنی ناوچەیەکی بێ چەکیشی کردووە لە باشووری سوریا.
سەرۆکی کاتیی سوریا ڕایگەیاند کە بەرپرسیارێتی ئاسایشی ناوچە دروزەکانی ڕادەستی پیر و گروپە ناوخۆییەکان کردووە.
ئەحمەد شەرع هەروەها هۆشداری داوە لەوەی هاوڵاتیانی وڵاتەکەی لە شەڕ ناترسن.
میدیاکانی سوریا باسیان لەوە کردووە کە بە پێی ڕێککەوتنی ئاگربەست لەگەڵ سەرکردەکانی دروز، سوپا لە سوەیدا دەکشێتەوە. تا ئێستا ڕوون نییە کە ئایا ڕێککەوتنەکە بەردەوام دەبێت یان نا.
بەپێی زانیارییەکان، لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕەوە لە ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردووەوە تا ئێستا زیاتر لە 350 کەس کوژراون.