هەرێم نیوز
ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە وتارێکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە لەگەڵ دابەزینی هەژموونی سەربازی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ناوچەکە چووەتە قۆناغێکی نوێی ڕیزبەندی جیۆپۆلەتیکی؛ قۆناغێک کە تێیدا ململانێی شیعە و سوننە کەمدەبێتەوە و وڵاتانی ناوچەکەش گرنگی و بایەخیان لەسەر گەشەسەندنی ئابووری و سەقامگیری سیاسی دەبێت.
نیل مەکفارکوهەر، ڕۆژنامەنووسی بەئەزموون لە ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز، لە وتارێکدا کە ڕۆژی یەکشەممە بڵاویکردەوە، سوریای بە "زەمینەی تاقیکردنەوە بۆ نەزمی نوێ" وەسف کرد و نووسی: ڕووخانی هەژموونی ناوچەیی ئێران، بە تایبەت دەرکردنی لە سوریا لە دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد کە بە هاوپەیمانی سەرەکی عەرەبی ئێران دادەنرا، وەرچەرخانێکە کە زیاتر لە دوو دەیەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نەبینراوە."
مەکفارکوهەر کە ساڵانێکە خەریکی ڕاپۆرتکردنە لەسەر ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانی عەرەبی، لەم وتارەدا وەک زۆربەی نووسینە شیکارییەکانی، باس لە خاڵە وەرچەرخانە مێژووییەکان لە پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و وڵاتانی عەرەبی ناوچەکەدا دەکات و، شیکاری بۆ دۆخی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە.
سەرەتای نووسینەکەی بە پێداچوونەوە بە بارودۆخی ئێستای سوریا لە دوای ڕووخانی ئەسەد و داڕمانی هیلالی شیعە دەستپێکرد و پێشبینی کرد کە لەگەڵ لاوازبوونی تۆڕی هاوپەیمانە چەکدارەکانی ئێران لە عێراق و سوریا و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حیزبوڵڵا لە لوبنان، شاهیدی گۆڕانکارییەکی بەرفراوان دەبین لە ناوچەکەدا؛ گۆڕانکارییەک کە پێدەچێت ڕێگری بکات لە پێشخستنی ئەجێندای تائیفی خۆی لەسەر بنەمای شیعەگەری لە حکومەتی ئێران.
کەمکردنەوەی ڕۆڵی تایفەگەری لە ڕکابەرییە ناوچەییەکان
لە بابەتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە "تایفەگەری ساڵانێکە ئامرازی سەرەکی کێبڕکێی ئەکتەرە ناوچەییەکان بووە، بەتایبەتی ئێران و سعودیە" و ئەمجارە پێشهاتە نوێیەکان "نەک موسڵمانانی سوننە یان شیعە، بەڵکو لەلایەن ئەکتەرێکی غەیرە ئیسلامییەوە سەرکردایەتی کراوە، ئەویش ئیسرائیلە".
نووسەری بابەتەکە پێی وایە کە تائیفەگەری و ڕووبەڕووبوونەوەی شیعە و سوننە کاریگەرییەکی ئەوتۆی نابێت لە پەیوەندییەکانی داهاتوودا: "وڵاتانی ناوچەکە کە زۆرینەیان سوننەن بە سەرۆکایەتی سعودیە و تورکیا، بڕیاریانداوە جیاوازییە تائیفیەکان وەلانێن، چونکە وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر سەقامگیری سیاسی و گەشەسەندنی ئابووری دەیانبینن".
پاشان ئەو پرسیارە دەخاتە بەردەم خوێنەر: دوای کاڵبوونەوەی ناکۆکی شیعە و سوننە وەک ئامرازێک لە کێبڕکێی جیۆپۆلەتیکیدا، چی دەبینین کە سەرهەڵدەدات؟
لە ڕوانگەی ماکفارکوهەرەوە، دۆخی ئێستا و داهاتووی سوریا ڕۆڵێکی بەرچاو دەگێڕێت لە وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارەدا: "سەرکردەکانی حکومەتی نوێ لە دیمەشق، کە ڕەگیان لە گروپە جیهادییەکانی سوننەدایە و لە ڕووی مێژووییەوە دوژمنایەتی هەر شتێک دەکەن کە پەیوەندی بە شیعەی توندڕەوەوە هەبێت، درکیان بەوە کردووە کە هەر تەقینەوەیەکی بەردەوامی ململانێی تائیفی دەبێتە هۆی تێکدانی هەوڵەکان بۆ بنیاتنانی دەوڵەتێکی سەقامگیر و یەکگرتوو".
گەشەی دانیشتوانی گەنج و پێویستی گەشەپێدان
ئەم وتارە ئاماژە بە هەوڵەکانی ئێران بۆ تێکدانی سەقامگیری ناوچەکە لە ژێر پەردەی فراوانکردنی شیعەگەرایی و پەرەسەندنی دوژمنایەتییەکانی نێوان ئێران و سعودییە دەدات لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا، دەنووسێت کە دوژمنایەتیی نێوان دوو وڵات لە ساڵی 2023ەوە فۆرمێکی جیاوازی وەرگرتووە.
لەم بەشەدا هاتووە: "وڵاتانی عەرەبی نیگەران بوون لەوەی تاران هەوڵی تێکدانی سەقامگیرییان دەدات، بەتایبەتی دوای ئەوەی ئێران لە دوای بەهاری عەرەبی دەرفەتی بۆ بەهێزکردنی کۆمەڵێک هێزی بە وەکالەتی خۆی، لەوانە حوسییەکان لە یەمەن و گروپە میلیشیا جۆراوجۆرەکانی عێراق دۆزیەوە".
بەگوێرەی ئەم وتارە، وڵاتانی سوننە بە بەهێزکردنی ئامرازەکانی دژەشیعەکان و پشتیوانیکردن لە پیاوانی ئایینی توندڕەوی سوننە هەوڵی بەرپەرچدانەوەی کاریگەریی شیعەگەری لە ناوچەکەدا دەدا.
ڕووبەڕووبوونەوەی توندی شیعە و سوننە تا ساڵی 2023 بەردەوام بوو، بەڵام لەو کاتەوە، سعودیە و وڵاتانی دیکەی کەنداو بڕیاریان داوە ڕێبازێکی جیاواز لە تاران بگرنە بەر لە ڕێگەی کەمکردنەوەی پەرەسەندن و دیپلۆماسییەوە.
مەکفارکوهەر نووسیویەتی: محەممەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعودیە کە لە ساڵی 2018 لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ ڕۆژنامەی ئەتڵەنتیکدا ڕێبەری ئێرانی بە “خراپتر لە هیتلەر” و ئایدۆلۆژیای ئێرانی بە “خراپەکاری تەواو” وەسف کرد، هەوڵیدا زیادبوونی گرژیی تائیفەگەری لە ساڵی 2023دا کەم بکاتەوە، ئەمەش لەڕێگەی هەڵوەشاندنەوەی ئەو دامەزراوە ئایینیانەی سعودیە کە پێی وابوو زەمینە بۆ گرژترکردنی ناکۆییە ئاینییەکان خۆش دەکات.
نووسەری بابەتەکە ئاماژە بە فشارەکانی زیادبوونی ژمارەی گەنجان دەکات بۆ سەر زۆرێک لە وڵاتانی جیهانی عەرەبی لەوانەش سعودیە و بەو ئەنجامە دەگات کە حکومەتەکانی ناوچەکە گەیشتوونەتە ئەوەی کە نەبوونی دیدگایەک بۆ داهاتوو یەکێک بووە لە هۆکارە سەرەکییەکانی سەرکەوتنی گروپە جیهادییەکان لە ڕاکێشانی گەنجان.
بە وتەی ناوبراو، ئێستا ئەو وڵاتانەی کە زۆرینەیان سوننەن، دەیانەوێت بە گەشەسەندنی ئابووری سوڕی پێشوو پێچەوانە بکەنەوە، بەڵام لە لایەکی دیکەوە دەزانن کە ئاژاوەی ناوچەیی هەڕەشە لە پلانە درێژمەوداکانیان دەکات. ڕێک هەر ئەمەش هۆکارێکە بۆ ئەوەی هێرشی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران نیگەرانییان لێکەوتووەتەوە.
نووسەری وتارەکە سەبارەت بە نیگەرانییەکانی دەوڵەتانی کەنداو نووسیویەتی: ئەوان خەمی ئەوە نەبوون کە ببنە ئامانجی هێرشی تۆڵەسەندنەوە لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە، بەڵکو خەمی دووبارەبوونەوەی ئەزموونی عێراقیش بوون، کە لەشکرکێشی ئەمریکا بووە هۆی ڕووخانی ڕژێمەکە و شاڵاوێکی پەنابەران و ساڵانێک خوێنی تائیفی لێکەوتەوە.
وتارەکە لە کۆتاییدا ئاماژە بەوە دەکات کە "شەڕی کورتی ئەم دواییەی ئێران و ئیسرائیل، وەهمی دەسەڵاتی ئێرانی شکاند" و دەشڵێت: “هەرچەندە هێشتا ڕوون نییە کە هێرشەکان بۆ سەر ئێران تا چەند بەرنامە ئەتۆمییەکەی دواخستووە، بەڵام بێتوانایی ئەو وڵاتە لە بەرگریکردن لە خۆی لاوازییە قووڵەکانی ئاشکرا کردووە- و ئاماژە بۆئەوەی کە نەزمێکی نوێی ناوچەیی لە ڕێگادایە".