هەرێم نیوز
گۆڤاری ئیکۆنۆمیست لە شیکردنەوەیەکدا گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە هەژموونی حکومەتی ئێران لە عێراق بەرەو دابەزین دەچێت و ئاماژەش بە خۆدزینەوەی عێراق دەکات لە بەشداریکردن لە شەڕی 12 ڕۆژەی ئێران و ئیسرائیل وەک بەڵگەی دابەزینی هەژموون و متمانەی ئێران لە نێو گەنجانی عێراقدا.
ئەم هەفتەنامە بەریتانییە ڕۆژی یەکشەممە لە ماڵپەڕەکەیدا شیکارییەکی بڵاوکردەوە و سێ هۆکاری سەرەکیی دابەزینی هەژموونی ئێرانی لە عێراق خستەڕوو، گرنگترینیان دەرکەوتنی نەوەی نوێی سیاسەتمەدارانە لە عێراق کە "لە ناڕەزایەتییەکانی دژە حکومەتەوە لە ساڵی 2020ەوە هاتوون و لە هەموو کاتێک زیاتر دەنگیان بەرزە لە دژایەتیکردنی میلیشیاکانی سەر بە ئێران."
بەگوێرەی ئیکۆنۆمیست، دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی ئەوکاتی سوپای قودسی سوپای پاسداران، کۆنتڕۆڵی ئێران بەسەر ئەو میلیشیا و گروپە بە وەکالەتانەی کە لە عێراق پشتیوانیان دەکرد، کەمبووەوە و زۆرێکیان ڕوویان لە پرسە ناوخۆییەکانی عێراق کرد.
ڕۆژنامەی ئیکۆنۆمیست لە زاری بەرپرسێکی باڵای عێراقەوە نووسیویەتی، ئیسماعیل قائانی، جێنشینی سولەیمانی و فەرماندەی ئێستای سوپای قودس، “لێهاتوویی سولەیمانی نییە لە بەڕێوەبردنی ناکۆکیی کوتلە جیاوازەکانی عێراق”.
فاکتەرێکی دیکەی دابەزینی هەژموونی ئێران لە عێراق، گۆڕینی میلیشیاکان بووە بۆ هێزی سیاسی و توانەوەیان لە بیرۆکراسی و ئابووری عێراقدا.
ئیکۆنۆمیست نووسیویەتی، ئێران ڕۆژگارێک کارئاسانی بۆ هاتنە ناوەوەی ئەندامانی گرووپە میلیشیاکان بۆ ناو سیستەمی سیاسی و ئابووری عێراق کرد، بە مەبەستی بەرفراوان و قووڵکردنەوەی هەژموونی خۆی لە عێراقدا.
لە ئێستادا ئەندامانی ئەم گرووپانە بەرژەوەندیی ئابووریی بەرفراوانیان هەیە و وەزارەتە گرنگەکانیان کۆنترۆڵ کردووە، لەوانە ئەوانەی پەیوەندییان بە هەناردەکردنی نەوت و کانزاکانەوە هەیە و تا ئەم دواییانە تەنانەت کاریگەرییەکی زۆریان لە دادگای باڵای عێراقدا هەبووە.
بەگوێرەی ئیکۆنۆمیست، ئەندامانی پێشووی گرووپە بە وەکالەتەکانی ئێران، کە ئێستا بوونەتە هێزی سیاسی دەوڵەمەند لە حکومەت و ئابووری عێراقدا، "زۆر شتیان لەدەست دەچێت ئەگەر وڵاتەکەیان لەگەڵ ئەمریکا یان ئیسرائیل بچێتە شەڕەوە، هەر لەبەر ئەم هۆکارە تا دێت زیاتر توڕە دەبن لەوەی ڕۆڵی عێراق وەک ژێردەستەیی حکومەتی ئێران بێت".
موحی ئەنساری، سەرۆکی ماڵی عێراقی، کە ڕێکخراوێکی تازەپێگەیشتووی کۆمەڵگەی مەدەنییە، بە ڕۆژنامەی ئیکۆنۆمیستی ڕاگەیاندووە، "ئەم گروپە چەکدارانە ئێستا گەندەڵ بوون و ئیمپراتۆریەتی ئابوری زەبەلاحیان بنیات ناوە، ئێستا چەمکی بەرخۆدان لای ئەوان بێ مانایە".
بە پشتبەستن بەم بەڵگانە، ڕۆژنامەی ئیکۆنۆمیست بەو ئەنجامە دەگات کە وەرچەرخانی مانای “بەرخۆدان” لە کاتی شەڕی ئێران لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکادا بە ڕوونی دیار بوو، کاتێک تەنانەت نزیکترین هاوپەیمانەکانی ڕێژیمی ئێران لە عێراقدا، لە ترسی تۆڵەسەندنەوە لەلایەن ئەمریکا یان ئیسرائیلەوە، هیچ کارێکی تەنانەت کەمیان بۆ یارمەتیدانی ئێران نەکرد.
شیکارییەکەی ڕۆژنامەی ئیکۆنۆمیست بە ئاماژەدان بە "ناڕێکخراوی میلیشیاکانی سەر بە ئێران و سیاسەتمەدارە دڵسۆزەکانی ئێران" لە دوای لەناوچوونی فەرماندە باڵاکانی سوپای پاسداران، بەو ئەنجامە گەیشتووە: "ئێستا ڕەنگە فەزایەک بۆ هێزە سیاسییە ڕەسەن و سەربەخۆکان بکرێتەوە. کارمەندێکی حکومەت دەڵێت هەرچەندە لە ڕووکەشدا بە پێچەوانەوە قسە بکەین، بەڵام ئێمە لە لاوازبوونی ئێران ناڕەحەت نین".