هەرێم نیوز
دوای ئەوەی ئێران بە فەرمی هاوکارییەکانی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی ڕاگرت، عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند، لەمەودوا هاوکارییەکانی تاران لەگەڵ ئاژانسەکە "شێوەیەکی نوێ وەردەگرێت"، .
عەراقچی بە دیپلۆماتکارە بیانییەکان کە لە تاران کۆبوونەتەوە وتی، "هاوکارییەکانمان لەگەڵ دەزگاکەدا نەوەستاوە، بەڵام فۆرمێکی نوێ وەردەگرێت"، ئاماژەی بەوەشکرد، داواکارییەکانی ئاژانسەکە "حاڵەت بە حاڵەت لێکۆڵینەوەی لەبارەوە دەکرێت... بە لەبەرچاوگرتنی بابەتی سەلامەتی و ئەمنی".
ناوبراو جەختی لەوە کردەوە، کە تاران پابەندە بە چارەسەری دیپلۆماسی بۆ پرسی ناوەکی، سەرەڕای هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا کە دامەزراوە ئەتۆمیەکانیان لە ئێران کردووەتە ئامانج.
ڕوونیشیکردەوە، ئێران ئامادەیە ئەو متمانەیە لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە دروست بکات، بەڵام پێش ئەوە دەبێت هاوتاکانمان قەناعەتمان پێبکەن کە دیپلۆماسییان دەوێت، نەک بۆ شاردنەوەی ئامانجەکانی دیکە بەکاربهێنرێت.
تاران هۆشداریدا لەوەی کە چالاککردنی میکانیزمی "سناپباک" بە سەپاندنەوەی سزا نێودەوڵەتییەکان بەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بە مانای "کۆتایی" ڕۆڵی ئەورووپا لە پرسی ئەتۆمیدا دێت.
میکانیزمی "سناپباک" کە لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی ٢٠١٥دا دیاری کراوە، ڕێگە دەدات بە سەپاندنی سزا نێودەوڵەتییەکان بەسەر تاران ئەگەر نەتوانێت ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ بکات.
عێراقچی جەختی لەوە کردەوە، کە ئەگەر ئەم میکانیزمە چالاک بکرێت، ئەوە "بە مانای کۆتایی هاتنی ڕۆڵی ئەوروپا لە پرسی ئەتۆمی ئێراندا دەبێت".