دواین هەواڵ

کوردستان‌

 10 کاتژمێر پێش ئێستا

یەکێتی زانایانی کوردستان: کڕینی بووکەڵەی لابووبوو بە مەبەستی یانسیب و بەخت گرتنەوە حەرامە

هەرێم نیوز

وتەبێژی یەکێتیی زانایانی ئایینی کوردستان رایگەیاند، کڕینی بووکەڵەی لابووبوو بە مەبەستی یانسیب و بەخت گرتنەوە حەرامە، دەشڵێت، "بە باشی نازانین خەڵک بیکڕن لەبەر ئەوەی جۆرێک لە بەفیڕۆدانی ماڵی تێدایە" . 
 

ئەمڕۆ شەممە، 5ـی 7ـی 2025، عەبدوڵڵا شێرکاوەیی، وتەبێژی یەکێتیی زانایانی ئایینیی ئیسلامیی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "بووکەڵەی لابووبوو ئێستا بە شێوەیەکی زۆر بڵاوبووەتەوە و خەڵک دەیکڕن، لەبارەی حوکمەکەی مشتومڕێکی زۆر هەیە، بەپێی بەدواداچوون و سەرنجدانی ئێمە، بە باشی نازانین خەڵک بیکڕن لەبەر ئەوەی جۆرێک لە بەفیڕۆدانی ماڵی تێدایە".
 
وتەبێژی یەکێتیی زانایان داوا لە هاووڵاتییان دەکات بە مەبەستی یانسیب و بەخت گرتنەوە ئەو بووکەڵەیە نەکڕن، چونکە "حەرامە".

لابووبوو بووکەڵەیەکی دروستکراوی چینە و کارەکتەرێکی خەیاڵیی نێو فیلمی منداڵانە، وەکو کارەکتەرێک لە چەندین فیلمی ئەنیمەیشندا دەرکەوتووە، بەتایبەتی لە زنجیرەی (The Monsters)، لە ناو کیسێک یان پاکەتێکدایە، کۆمەڵێک رەنگی جۆراوجۆری هەیە و پێش ئەوەی پاکەتەکە هەڵبپچڕیت نازانیت چ رەنگێکە و هەندێک رەنگ بەمەبەستی شانس بەکاردەهێندرێن، بەشێکی زۆری خەڵکی بەتایبەتی کچان لە هەموو جیهانەوە بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە و هەرێمی کوردستانیشی گرتووەتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP