هەرێم نیوز
بەم نزیکانە کۆبونەوەیەک سێ قۆڵی لە نێوان تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سوریا، و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریا و، مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) ئەنجام دەدرێت، لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی مانگی ئازار.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ماڵپەڕی تەلەفزیۆنی سوریای راگەیاندووە: پێش کۆبونەوەکە لەگەڵ سەرۆكی سوریا، لە چەند رۆژی داهاتوودا کۆبونەوەیەکی بەرایی لەنێوان باراک و عەبدی ئەنجام دەدرێت، بەبێ ئەوەی شوێنەکەی دیاری بکات.
لە کۆبونەوە سێ قۆڵییەکەدا، تیشک دەخرێتە سەر جێبەجێکردنی رێککەوتنی10ی ئازاری نێوان سەرۆک کۆماری سوریا و فەرماندەی هێزەكانی سوریای دیموكرات، کە تێیدا رێككەوتن كراوە لەسەر یەکخستنی هەسەدەو دامودەزگاکانی ئیدارەی خۆسەر، لەناو ئیدارەی دەوڵەتی سوریادا.
بەگوێرەی سەرچاوەكە، رەنگە هەندێک بڕگەی رێککەوتنەکە لەسەر داوای هەسەدە بە رێککەوتن لەگەڵ واشنتۆن، هەموار بکرێتەوە، سەبارەت بە ماوەی جێبەجێکردنی، کە کۆتایی ئەمساڵ دیاریکراوە، هەروەها هەندێك هەمواری تری پەیوەست بە داواکارییەکانی کوردی سوریا.
ئەو سەرچاوەیە دووپاتی کردەوە، فەرەنسا دەچێتە پاڵ ئەمریکا بۆ سەرپەرشتیكردنی جێبەجێکردنی بڕگەكانی رێککەوتنی نێوان هەسەدەو حکومەتی سوریا و رێگریکردن لە هەر جۆرە پەرەسەندنێكی مەیدانی.
جگە لە رێککەوتنی مانگی ئازار، بڕیارە نێردەی ئەمریکا هاوکاریی نێوان هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و حکومەتی سوریا و هەسەدە لە چوارچێوەی شەڕی دژی داعش لە سوریا، تاوتوێ بکات.
کۆتایی مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ، ماڵپەڕی ئەلمۆنیتەری ئەمریکی، کۆبونەوەیەكی چاوەڕوانكراوی نێوان نێردەی ئەمریکا لە سوریا و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی لە هەولێر ئاشکرا کرد، ماڵپەڕەکە بڵاویکردەوە، پێدەچێت باراک لەگەڵ فەرماندەی مەزڵوم عەبدیش کۆببێتەوە.