هەرێم نیوز
رۆژنامەی "الشرق الاوسط" لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، وتەبێژی فەرمی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) ئەو هەواڵانەی رەتکردەوە کە باس لە دیاریكرنی ماوە دەكەن بۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات بۆ تێکەڵبوون بە سوپای سوریا.
ئەبجەر داود، وتەبێژی فەرمیی هەسەدە، بە رۆژنامەكەی راگەیاندووە: ئەوان چەكدانان رەتدەکەنەوە، لە سایەی پەرەسەندنی توندوتیژییەکان لە باشوری سوریا و پەرەسەندنی هەڕەشەکانی داعش لە دژیان بەم دواییانە.
ئەبجەر داود، لە بارەی ئەو هەوڵانەی کە باس لە دیاریكردنی (30) رۆژ دەكەن بۆ تێکەڵبوونیان لەگەڵ وەزارەتی بەرگری سوریا، وتی: بەهۆی گرژییە بەردەوامەکانی سوریا و پەرەسەندنی توندوتیژییەکان و هەڕەشەکانی داعش، مەحاڵە هێزەکانی سوریای دیموكرات چەکەکانیان رادەست بکەن.
وتیشی: فەرماندەیی گشتی ئەو هێزانە، كە لەلایەن ئەمریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە شەڕی دژی داعش پاڵپشتی دەكرێن، لە رۆژی یەکەمەوە ئامادەیی خۆی بۆ تێکەڵبوون بە دامەزراوە نوێیەکانی دەوڵەت راگەیاندووە.
ئاماژەی بەوەشکرد: دەتوانین لەرێگەی رێکەوتنێکی یاسایی دەستورییەوە بچینە ناو سوپای سوریاوە، کە دان بە پێگەی تایبەتمەندی هێزەکانماندا بنێت، بەمەرجێک وەك یەكەیەكی سەربازی یەکگرتوو لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆمان بخرێتە ناو سوپای سوریاوە.
جەختیشكرد لەوەی، دیدارەکەی ئەم دواییەی مەزڵوم عەبدی لەگەڵ تۆماس باراک، باڵیۆزی ئەمریکا، ئەرێنی بووەو بڕیارە لە ئایندەدا کۆبونەوەکان لەگەڵ حکومەتی سوریا بەردەوامی هەبێت بۆ بەداداچوونی دانوستانەکان و تاوتوێکردنی پرسه مشتومڕاوییەکان و خاڵە هەڵواسراوەکانی نێوانيان.