دواین هەواڵ

کوردستان‌

 2 رۆژ پێش ئێستا

لەدوای دزیکردن لە چوار زێڕنگر تۆمەتبارە ژنەکە دەستگیرکرا

هەرێم نیوز
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سۆران دەستگیرکردنی ئافرەتێكی راگەیاند کە بە تۆمەتی دزیکردن لە چوار دوکانی زێڕنگریی شارەکە دەستگیر کراوە.

  بەگوێرەی راگەیێندراوێکی پۆلیس، تۆمەتبارەکە دانیشتووی دەرەوەی ئیدارەی سۆرانە و بە هاوکاریی پۆلیسی زاخۆ دەستگیر کراوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 23ـی تەمووز، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سۆران ڕاگەیێندراوێکدا رایگەیاند: خاوەنی یەکێک لە زێڕنگرییەکانی شاری سۆران لە بنکەی نەهێشتنی تاوان سکاڵای تۆمار کردووە لەسەر دزینی چەند پارچە زێڕێک.

لە راگەێیندراوەکەدا هاتووە، دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر و دەستپێکردنی لێکۆڵینەوەی ورد، هێزەکانی پۆلیس توانیویانە ناسنامەی تۆمەتبارەکە ئاشکرا بکەن، کە ئافرەتێكە و دانیشتووی دەرەوەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانە.
پۆلیسی سۆران روونیکردووەتەوە کە دوای وەرگرتنی رەزامەندیی دادوەری لێکۆڵینەوە، بە هاوئاهەنگی و هاوکاری لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی زاخۆ، توانرا تۆمەتبارەکە دەستگیر بکرێت.

لە کاتی لێکۆڵینەوەدا، تۆمەتبارەکە دانی بەوەدا ناوە کە جگە لەو دوکانە، لە سێ دوکانی زێڕنگریی دیکەشدا چەندین پارچە زێڕی دزیوە.

لە کۆتاییدا راگەیێندراوەکە ئاماژە بەوە کراوە، بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی (444)ی یاسای سزادان، تۆمەتبارەکە راگیراوە و لێکۆڵینەوە لە دۆسییەکەی بەردەوامە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP