هەرێم نیوز
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایدەگەیەنێت، لەسەر دۆسیەی کوشتنی کەسێک و بریندارکردنی کەسێکی تر، مەفرەزەکانی نوسینگەی لێکۆڵینەوە لەتاوانەکانی کوشتنی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیمان، تۆمەتبارێکیان دەستگیرکرد.
پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند: دوای ئەوەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی ٢٠٢٥/٧/٢٥ هێزەکانی پۆلیس ئاگادارکرانەوە لەڕووداوی کوشتنی هاوڵاتییەک و بریندارکردنی هاوڵاتییەکی تر لەگەڕەکی سەروەری شاری سلێمانی، دەستبەجێ هێزەکانی پۆلیس گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکەو کەشف و هێڵکاری بۆ شوێنی ڕووداوەکە ئەنجامدراو کوژراوەکە ڕەوانەی پزیشکی دادوەری کراو بریندارەکەش بەمەبەستی چارەسەرکردن گەیەنرایە نەخۆشخانە.
ئاماژە بەوەشدراوە، دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەری تایبەتمەند پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ڕووداوەکە کرایەوەو توانرا تۆمەتباری ڕووداوەکە بەناوی (ئـ، ن، م لەدایکبووی ٢٠٠٤) لەلایەن مەفرەزەکانی نوسینگەی لێکۆڵینەوە لەتاوانەکانی کوشتن دەستگیربکرێت.
بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان، هۆکاری ڕووداوەکە دەگەڕێتەوە بۆ دروستبوونی شەڕو دەمەقاڵێ لەنێوان تۆمەتبارو هەردوو تاوانلێکراودا، تۆمەتبار بەچەقۆ هێرش دەکاتە سەریان و لەئەنجامدا یەکێکیان دەکوژێت و هاوڕێکەشی بریندار دەکات.
لە راگەیاندراوەکەشدا هاتوە، ئێستادا تۆمەتباری ناوبراو بەبڕیاری دادوەرو بەپێی ماددەی ٤٠٦ لەیاسای سزادانی عیراقی ڕاگیراوەو لێکۆڵینەوە لەدۆسیەکە بەردەوامە.