دواین هەواڵ

کوردستان‌

 12 کاتژمێر پێش ئێستا

پەیامی نوێی ئۆجەلان لەبارەی چەک دانانەوە

هەرێم نیوز

ئۆجەلان لەناوبردنی چەك لەلایەن پەكەكەوە بە ئیرادەیەكی بەهێز بۆ ئاشتی وەسف دەكات و دەشڵێت، پێكهێنانی كۆمیسیۆنی ئاشتی، پرۆسەی ئاشتی بەهێزتر دەكات.

پەروین بوڵدان، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی توركیاو مەدحەت سانجار، پەرلەمانتاری پارتی یەكسانی و دیموكراسی و، ئۆزگور فایەق ئەرۆڵ، پارێزەری عەبدوڵا ئۆجەلان، سەردانی ئیمرالیان كردو لەگەڵ ئۆجەلان كۆبونەوە.

سەردانی ئەو شاندە دوای تەواوکردنی خولێکی کۆبوونەوە دێت لەگەڵ ئەو لایەنە سیاسیانەی کە گروپی پەرلەمانییان هەیە، دوای رێورەسمی چەکداماڵینی گروپێك لە گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان.

شاندی دەم پارتی سەبارەت بە دیداری ئۆجەلان رایگەیاند: وەک شاندی دەك پارتی لە ئیمرالی، لە ٢٥ی تەمووزی ٢٠٢٥ لە زیندانی ئیمرالی کۆبونەوەیەکی سێ کاتژمێر و نیومان لەگەڵ بەڕێزعەبدوڵا ئۆجەلان ئەنجامدا.

بیروڕامان ئاڵوگۆڕ کرد سەبارەت بەو کۆبونەوانەی بەم دواییانەدا لەگەڵ سەرۆک کۆمارو وەزیری دادو سەرکردەی لایەنە سیاسییەکان، وەک شاند ئەنجاممان دا.
زانیاری سەبارەت بە رێورەسمی لەناوبردنی چەک کە لە ١١ی تەمموز بەڕێوەچوو لەگەڵ کاریگەرییەکانی ئاڵوگۆڕکرا، ئۆجەلان پێزانینی خۆی بۆ شێوازی رێکخستنی رێوڕەسمەکە دەربڕی, لەگەڵ ئەو ئیرادەو بڕواو پێداگرییەی بۆ ئاشتی خرایە گەڕ.

جەختیشی لەوە کردەوە، چاوەڕوانی ئەوە دەکات کارەکانی ئەو لیژنەیەى لە کارنامەی پەرلەمانی تورکیادایە بەشدارییەکی بەرچاو لە ئاشتی و دیموکراسیدا بکات، لە ڕێگەی رێبازێکی و گشتگیرو كۆكەرەوەوە.

وتیشی: دیموکراسی كۆماری و تەواوكاری دیموکراسی لەپێناو ئاشتی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی گرنگییەکی ژیانی هەیە؛ لەم ڕووەوە جێبەجێکردنی تەواوكاری دیموکراسی و ئازادییەکان، لە ئەستۆی هەموو چالاكە سیاسییەکان و هێزە کۆمەڵایەتییەکانە.

سڵاو و هیوای خۆشی بە ڕای گشتی و هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا گەیاند.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP