دواین هەواڵ

کوردستان‌

 10 کاتژمێر پێش ئێستا

وەزارەتی رۆشنبیری: سەرکۆنەی هەر هەوڵێکی دژ بە زمانی کوردی دەکەین

هەرێم نیوز 

وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، قەدەغەکردنی بەکارهێنانی زمانی کوردی لە زانکۆکانی کەرکووک و مووسڵ و دیالە پێچەوانەی دەستوور و یاسایە. 

وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەش کردووە، ئیدانەی هەر هەوڵێکی دژ و نەیار بە زمانی کوردی و بەکارهێنانی لە ناوەندەکانی خوێندن و دامودەستگاکانی دەوڵەتدا دەکات.

دەشڵێت، بەداخەوە، بە بڕیاری ژمارە (٦٤٩٦)، ڕۆژی چوارشەممە، ١٦ی تەممووزی ٢٠٢٥، وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق، کە ئاراستەی زانکۆکانی مووسڵ، کەرکووک و دیالەی کردووە، فەرمانیکردووە، پرسیاری تاقیکردنەوەکان نەکرێنە کوردی.

باسی لەوەش کردووە، دەرکردنی ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە، بە گوێرەی ماددەی (٤) بڕگەی یەکەمی دەستووری عێراق، زمانی کوردی شانبەشانی زمانی عەرەبی، زمانی ڕەسمییە لە دەوڵەتدا.

وەزارەتی رۆشنبیری دەڵێت، هەروەها ئەو بڕیارە پێچەوانەی ماددەکان و ناوەڕۆکی یاسای ژمارە (٧)ی ساڵی ٢٠١٤ی تایبەت بە زمانە ڕەسمییەکانی عێراقە، کە لە ژمارە (٤٣١١)، ڕۆژنامەی وەقائیعی عێراق لە شوباتی ٢٠١٤ بڵاوکراوەتەوە و لە ماددەی سێیەمی یاساکەدا زۆر بە ڕوونی هاتووە، زمانی عەرەبی و زمانی کوردی دوو زمانی ڕەسمین لە عێراقدا.

جەختیشیکردەوە، وێڕای ئیدانەکردنی ئەو بڕیارەی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق، داواکارین لە دامەزراوە دەستوورییەکانی عێراق، سەرەڕای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکە، ئیدانەی هەر جۆرە بڕیارێکی نادەستووری لەو شێوەیە بکەن و بەرپرسانی دەرکردنی ئەو بڕیارە ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی بکەنەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP