دواین هەواڵ

کوردستان‌

 13 کاتژمێر پێش ئێستا

مەسرور بارزانی: بەغدا موچە وەک کارتی فشار بەکاردەهێنێت

هەرێم نیوز 

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیێنێت، گەورەترین ئاستەنگ لەبەردەم پەیوەندییەکی باش لەگەڵ بەغدا "نەبوونی ئیرادەی سیاسییە" و حکومەتی فیدراڵیش "مووچە وەک کارتی فشار" بەکاردەهێنێت. جەختیشی لەسەر ئامادەیی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن لەپێناو داڕشتنی یاسایەکی نوێی نەوت و گاز و چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان کردەوە.

لە میانی چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی "شەرق"ـی سعوودی مەسرور بارزانی،  سەرۆک وەزیران تیشکی خستەسەر ئاڵۆزییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.

لەسەر پەیوەندیەکانى نێوان هەرێم و بەغدا دەڵێت گەورەترین ڕێگری لەبەردەم پەیوەندییەکی باش لەگەڵ بەغدا ئیرادەی سیاسییە." 

ناوبراو حکومەتی فیدراڵی تۆمەتبار کرد بەوەی "هەموو کارتێکی فشار بەکاردەهێنێت بۆ پەراوێزخستن و لاوازکردنی هەرێمی کوردستان،" و بەکارهێنانی پرسی مووچەی بە "کارتی فشاری سیاسی" ناوبرد و وتی: "جێگەی داخە کە مووچە بووەتە کارتی فشاری سیاسی، دەرگای گفتوگۆ بۆ چارەسەر بە کراوەیی دەهێڵینەوە و ئامادەین بۆ گفتوگۆیەکی نوێ لەسەر دۆسیەی نەوت و گاز.

سەرۆکوەزیران پێى وایە، هیچ ئیرادەیەکی سیاسی لە بەغداوە نییە بۆ جێبەجێکردنی ماددەی 140 سەبارەت بە کەرکووک، دەشڵێت: ئێمە دەزانین کێ لەپشت ئەو هێرشانەوەیە کە لە سەرەتای ئەم مانگەدا بە بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کرانە سەر دامەزراوە نەوتییەکان، بەڵام چاوەڕێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان دەکەین لەم پرسەدا، هێرشەکان هاوکات بوون لەگەڵ واژۆکردنی گرێبەستی حکومەتی هەرێم لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە کەرتی وزەدا.

مەسرور بارزان وتیشى: ئەمریکا هاوپەیمانمانە و زانیاریی هەواڵگری لەگەڵیدا ئاڵوگۆڕ دەکەین سەبارەت بە هێرشکردنە سەر دامەزراوە نەوتییەکانمان، چونکە هەندێک لەو کێڵگانەی هێرشیان کراوەتە سەر لەلایەن کۆمپانیاکانی ئەوانەوە بەڕێوەدەبرێن.

جەختى کردەوە پێکهاتەی کورد دەیەوێت پۆستی سەرۆککۆماری عێراق بەشی خۆی بمێنێتەوە.

پێویستە بەغدا سەرکەوتنەکانی هەرێمی کوردستان بە سەرکەوتنی هەموو عێراق بزانێت، وەک هەنگاوێک بەرەو بوونیادنانی متمانە.

دەربارەی دۆخی ناوچەکە، سەرۆکوەزیران بارزانی دیدگای هەرێمی کوردستانی بۆ پرسە هەرێمییەکان خستەڕوو: پێشوازیی لە دەستپێشخەریی ئاشتی و گفتوگۆکانی نێوان تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەکەین و داوا لە حکومەتی سووریا دەکەین دەرگا بۆ کوردەکان بکاتەوە و داواکارییەکانیان جێبەجێ بکات.

سەبارەت بە پەیوەندییەکان لەگەڵ ئێران، بارزانی وتی: کوردستان ڕێز لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ دراوسێکان دەگرێت، بەتایبەتی لەگەڵ ئێران و دڵنیایی دا کە هەرێمی کوردستان "نابێتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ سەر هیچ کام لە وڵاتانی دراوسێ." هەروەها دووریی هەرێمی لە ململانێی نێوان ئیسرائیل و ئێران ڕاگەیاند و وتی: "ئێمە بەشێک نین لە کێشەکە و پشتگیریی هیچ جەنگێک ناکەین."



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP