دواین هەواڵ

جیهان‌

 2 رۆژ پێش ئێستا

ترەمپ: سزا بەسەر ڕوسیادا دەسەپێندرێت ئەگەر لە ماوەی 10 ڕۆژدا کۆتایی بەشەڕی ئۆکرانیا نەهێنێت

هەرێم نیوز

سەرۆکی ئەمریکا ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند، ئەگەر مۆسکۆ لە ماوەی 10 ڕۆژدا هەنگاو بۆ پرۆسەی کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا نەنێت، دەستدەکات بە سەپاندنی باج و گرتنەبەری ڕێوشوێنی دیکە بەرامبەر ڕووسیا.

لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان لە فڕۆکەی سەرۆکایەتیدا کە لە ڕێگای بەریتانیاوە بەرەو واشنتۆن بوو، وتی نیگەران نییە لە کاریگەرییەکانی سزاکانی ڕووسیا لەسەر بازاڕی نەوت یان نرخی نەوت.

ترەمپ ڕایگەیاند کە ئەمریکا بەرهەمهێنانی نەوتی ناوخۆیی زیاد دەکات بۆ ئەوەی کاریگەرییەکانی سزاکان قەرەبوو بکاتەوە.

سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند: نازانم ئەمە کاریگەری لەسەر ڕووسیا دەبێت یان نا، چونکە ڕوونە کە ئەو (پۆتین) دەیەوێت بەردەوام بێت لە شەڕەکە”.

لەشکرکێشی ڕوسیا بۆ سەر ئۆکرانیا کە ئێستا لە سێیەم ساڵیدایە، زیانی زۆری بە هەردوولا گەیاندووە و ترەمپ لە کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی 2024 بەڵێنیدا بە خێرایی کۆتایی بە شەڕەکە بهێنێت.

بەڵام لە چەند هەفتەی ڕابردوودا بە ڕوونی ئەوەی خستەڕوو کە لە ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕووسیا بێهیوابووە.

لە وەڵامی ئەم لێدوانانەدا وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاند کە "زمانی  باجسێنی و هەڕەشە لای مۆسکۆ قبوڵکراو نییە و هەڕەشەی سزا نوێیەکان بە بابەتێکی بێ بایەخە".

دیمیتری مێدڤێدێڤ، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕووسیا، لە ئێکس نووسیویەتی: “وادەی دۆناڵد ترەمپ بۆ ڕووسیا چەواشەکارانەیە و لەوانەیە لە ناوخۆدا زیاتر لەوەی بیری لێدەکاتەوە زیانی پێبگەیەنێت”.

سەرۆکی ڕووسیا ئامانجی لەوە لە دەستبەسەرداگرتنی بەشێک لە ئۆکرانیا زیاترە. بەڕوونی دەیەوێت زاڵ بێت بەسەر هەموو وڵاتەکەدا، ناتۆ و ڕۆژئاوا لاواز بکات و جۆرێک لە کاریگەریی سەردەمی سۆڤیەت بۆ بەشێک لە ئەوروپا بگەڕێنێتەوە.

بەڵام ئامانجی دەستبەجێتری ڕووسیا لە ئێستادا چەسپاندنی دەستکەوتە خاکییەکانیەتی. مۆسکۆ نزیکەی لەسەدا 20ی خاکی ئۆکرانیا داگیر دەکات. جگە لە نیمچە دوورگەی کریمە کە لە ساڵی 2014ەوە ڕووسیا کۆنترۆڵی کردووە، پوتین بانگەشەی خاوەندارێتی لە ناوچەکانی دۆنێتسک، لوهانسک، زاپۆریژیا و خێرسۆن لە ئۆکرانیا دەکات، تەنانەت ئەو بەشانەی کە هێزەکانی تێدا نییە.

مۆسکۆ ڕایگەیاند، کشانەوەی تەواوەتی هێزەکانی ئۆکرانیا لەم چوار پارێزگایە مەرجی پێشوەختەیە بۆ هەر ڕێککەوتنێکی ئاشتی، بەڵام کیێڤ دەڵێت ئەم داواکارییە قبوڵناکات.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP