هەرێم نیوز
د.سەنعان عەبدوڵا، وتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی كوردستان راگەیاند، دوای كۆكردنەوەی خاشاك و پاشماوەی رۆژانەی هەرێمی كوردستان، هەندێك شوێنی دیاریكراو هەن كە خاشاكەكانیان لێ كۆدەكرێتەوە، وەكو كانی قرژاڵە لە هەولێر، بەڵام ئەوە مەترسییەكی زۆری بۆ ژینگە هەیە و زیانی زۆرە، پێویستە چارەسەرێكی گونجاوی بۆ بدۆزرێتەوە. وتیشی، رۆژانە لە هەرێمی كوردستان 7200 تۆن خاشاك كۆدەكرێنەوە.
لەبارەی چارەسەرەوە، وتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی كوردستان دەڵێت، پێویستە كارگەیەكی گەورەی ریسایكلین لە هەرێمی كوردستان یان چەند دانەیەك لە پارێزگاكان دابمەزرێت، هەروەها هۆشیاریی خەڵك بەرز بكرێتەوە، تاوەكو كەمتر ئەو كەرەستە و كەلوپەلانە بەكاربهێنن كە پاشماوەیان هەیە و كەلوپەلی جێگرەوە بەكاربهێنن، ئەگەرنا مەترسییەكە زیاتر تەشەنە دەسێنێت.
وتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی كوردستان وتیشی، تێچووی هەر تۆنێك خاشاك 50 هەزار دینار لەسەر حكومەت دەكەوێت، كە ئەمەش تێچوویەكی زۆرە و مانگانە دەكاتە 10.5 ملیار دینار.