دواین هەواڵ

کوردستان‌

 1 رۆژ پێش ئێستا

پڕۆژەی ڕووناکی گەیشتە زیاتر لە 2.7 ملیۆن هاوڵاتی

هەرێم نیوز

وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ ڕایگەیاند، کارەبای 24 کاتژمێری گەیشتووە بە زیاتر لە 2.7 ملیۆن هاوڵاتی، کە دەکاتە نزیکەی 40%ـی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پڕۆژەی ڕووناکی.

وەزارەتەکە دەڵێت: دوابەدوای ئەم فراوانبوونەی ئەمڕۆ، زۆرینەی هاوڵاتییان لەسەر ئاستی شارەکانی هەولێر، دهۆک و سلێمانی دەستییان دەگات بە کارەبای 24 کاتژمێری. ئەم دەستکەوتە هەنگاوێکی گرنگە بەرەو دابینکردنی کارەبایەکی بەردەوام و هەرزانتر لەپاڵ ژینگەیەکی پاکتر لە هەرێمی کوردستان.

: دوایین ئاماری هاوڵاتی و هاوبەشانی نێو پڕۆژەی ڕووناکی:

هەولێر

• هاوڵاتی: 1,458,000
• هاوبەش: 380,000

 سلێمانی
• هاوڵاتی: 976,500
• هاوبەش: 257,000

  دهۆک
• هاوڵاتی: 288,000
• هاوبەش: 79,000

  کۆی گشتی
• هاوڵاتی: 2,722,500
• هاوبەش:  716،000

هەرروەها، زیاتر لە 2,517 مۆلیدەی گازوایل لە گەڕەکەکان کوژێنراونەتەوە، و تا کۆتایی ساڵی 2026یش، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پلانیدایە زیاتر لە 7,000 مۆلیدە بکوژێنێتەوە. 

کۆی گشتی ژمارەی ئەو مۆلیدانەی کوژێنراونەتەوە لە پڕۆژەی ڕووناکی:

  هەولێر
• ژمارەی مۆلیدە: 1,734
• هاوتای ئۆتۆمبیل (لەڕووی دەردانی دوانە ئۆکسیدی کاربۆنەوە): 300,000

  سلێمانی
• ژمارەی مۆلیدە: 518
• هاوتای ئۆتۆمبیل: 90,000
 
 دهۆک
• ژمارەی مۆلیدە: 265
• هاوتای ئۆتۆمبیل: 46,000

  کۆی گشتی
• ژمارەی مۆلیدە: 2،517
• هاوتای ئۆتۆمبیل: 465،000

حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشووتر ڕایگەیاندبوو کە هاوڵاتییان کەمترین پارەی کارەبایان دابوو لە پسوولەکانی مانگی پێنج. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ نرخە نوێیەکان کەوا بۆ پاراستنی خێزانە کەمدەرامەتەکان و هاندانی هاوڵاتییان بۆ بەکارهێنانی بەرپرسیارانەی کارەباوە دانراون. لەژێر نرخە نوێیەکاندا، 80%ـی هاوڵاتییان پارەیەکی کەمتر دەدەن بە کارەبا بە بەراورد بەو پارەیەی دەیاندا بە هەردوو کارەبای نیشتیمانی و کارەبای مۆلیدە گازوایلەکان. 

مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەی ڕووناکی ڕاگەیاند بە مەبەستی گەیاندنی کارەبای 24 کاتژمێری بۆ سەرجەم ماڵ و شوێنە بازرگانییەکان تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026. لە 14ـی ئایاریش، ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەکۆی دەنگ بڕیاری پەسەندکردنی پڕۆژەکەی دەرکرد.

تاوەکو کۆتاییی 2025 سەنتەری هەر چوار پارێزگای هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە کارەبای 24 کاتژمێریان پێ دەگات.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP