هێمن مەحمود
زۆرینەی زۆری ڕووداوەکانی ژیانی مرۆڤ لە چوار دەیەی تەمەنیدا ڕوودەدەن.
دەساڵی یەکەمی تەمەن لەدوای تەمەنی شەش ساڵییەوە ئیدی دێتە قوتابخانە و ئاشنای دنیای دەرەوە دەبێت و جیهانێکی نوێ تاقیدەکاتەوە.
دەساڵی دووەمی تەمەنی مرۆڤ قۆناغێکی جەنجاڵ و قەرەباڵغە و ئاستی ناوەندی و ئامادەیش تەواو دەکات و دوو ساڵیشە چووەتە زانکۆ، لە کۆتاییەکانی ئەم قۆناغەدا بۆ یەکەمجار عاشق دەبێت، پڕ لە وزەو جوڵەیە، حەزی لە دنیای دەرەوەیە زیاتر تاوەکو دنیای ماڵەوە، چێژ لە بینینی شاری گەورە دەبینێت و ژیانکردنە لەشاری گەورەدا، هاوڕێیانێکی زۆر دەناسێت، خەونی زۆری هەیە و پێیوایە دەتوانێت هەمووی بەدیبهێنێت، هەمووجاریش خۆی پێ لەهەمووان زیرەکتر و زاناتر و بەتواناترە، حەزی لە خۆسەلماندن و ڕۆڵگێڕانە لە کۆمەڵگا و چالاکییەکانی کۆمەڵگە.
دەیەی سێیەمی تەمەن دەیەی هاتنەناوەوەی ڕاستەقینەی ژیانە، ئیتر وردە وردە دەتەوێت جێگیربیت و خەونەکانت بەدیبهێنیت، خێزانێک دروستدەکەیت و پێتوایە ژیان یانی خێزانی نوێ، لەم قۆناغەدا تاڕادەیەک جەنجاڵی و قەرەباڵغی هاوڕێ و ژیان کەمتر دەکەیتەوە و خۆت بنیاتدەنێی، وردە وردە قەناعەتەکانت دەگۆڕێت و تێدەگەیت دنیا ئەوەندەش ئاسان نەبوو دەتویست بیگۆڕیت، بەدوای ئارامی و ژیانێکی هێمندا دەگەڕێی، هیوای زۆرت بە ئایندەیە.
دەی چوارەمی تەمەن ئیدی مرۆڤێکی کامڵی، خەفەت بۆ ئەو شتانە دەخۆیت کە بەدینەهاتوون لە ژیانتا، ئەگەر لە قۆناغی دووەمی تەمەنتا عاشق نەبووبیت لەم چلەی تەمەنتا لەخۆت بترسە، ئیدی هاوڕێکانت زۆر کەمبونەتەوەو چێژ لەهاوڕێکانی مناڵیت دەبینیت، ئەوانەی کە لە بیستەکان و سییەکانی تەمەنتا لە ئیشدا ناسیوتن کاریگەریان لەسەرت نامێنێ و بەدوای ئەوانە دەگەڕێی کە جاران لەقۆناغی ناوەندی و ئامادەیی تێکەڵاویان بوویت، کێشەکان زۆر کاریگەری ناکاتە سەرت و بەعەقڵانی بیریان لێدەکەیتەوە، خەونەکانت وردە وردە نەماون و وادەزانیت زەمەنێکی زۆرە دەژیت، زۆرێک لەوانەی نزیکتبوون لەچواردەورت نەماون و کۆچیانکردووە، حەزت لە بێدەنگی و ئارامی و بیرکردنەوەیە زیاتر تاوەکو ژاوەژاو و قەرەباڵغی، چێژ لەشاری گەورە نابینیت و لێی ڕادەکەیت، خۆت بەڕاست نازانیت و تێدەگەیت جیهان زۆر لەوە گەورەترە کە بینیوتە، بەکورتییەکەی مرۆڤێکی سەد پلە جیاوازی لە دەیەی دووەمی تەمەن.
دەیەی پەنجا و شەست ئیتر زیادەیە لە تەمەنی مرۆڤ و هیچی نوێی تیاڕوونادات، زۆرینەی دووبارەیە.