هەرێم نیوز
میلیشیای كەتائیبی حزبوڵا، ئەمڕۆ لە بەیاننامەیەكدا لایەنی ناوخۆیی تۆمەتبار دەكات بە کاركردن بۆ جێبەجێکردنی پیلانی دوژمن، دەشڵێت، پێداگرن لەسەر داواکارییەكان بە کشانەوەی هێزە بیانییەکان و فڕۆکەکانیان لە عێراق و، چوونە دەرەوەی ئەندامەکانیان لە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان لە مانگی ئەیلولی ٢٠٢٥ .
میلیشیای كەتائیبی حزبوڵا ئاماژە بەوەشدەكات: لێدوانەکانی ئەم دواییەی باڵیۆزی بەریتانیا (داوای هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی كرد) و ئەو فشارانەی لەو لیژنەیە كرا، کە ئەرکی لێکۆڵینەوەى لە رووداوەکەی فەرمانگەی کشتوکاڵی بەغدادی پێسپێردراوە، خزمەت بە خواستەكانی دوژمن دەکات.
دەشڵێت: هەر لەسەرەتاوە لەگەڵ سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی رێککەوتون لەسەر پێکهێنانی لیژنەیەکی بێلایەن لەژێر چاودێری ئەواندا، چونکە دروست نییە نەیار دادوەر بێت.
بەیاننامەكەی میلیشیای حزبوڵا دوای ئەوە دێت، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بوونی كێشەی لەناو هێزەکانی حەشدی شەعبیدا راگەیاند هەروەها فەرماندەی دوو لیوای سەر بەو میلیشیاییەی لە کارەکانیان دوورخستەوەو رەوانەی دەسەڵاتی دادوەری کرد، دوای رووداوەکانی فەرمانگەی کشتوکاڵ بەغداد، کە پێکدادانی چەکداری لە نێوان هێزێکی حەشدو هێزە ئەمنییەکاندا روویدا.