هەرێم نیوز
ماڵپەڕی "بەغداد ئەلیەوم" لە زاری سەرچاوەیەکی حکومەتی عێراقەوە بڵاویكردووەتەوە: ئەنجومەنی وەزیران لە دانیشتنی یەکشەممەی داهاتوو، بڕیاری خەرجکردنی موچەی فەرمانبەران بۆ مانگی حوزەیران دەدات، دوای ئەوەی هەرێم بڕی (120) ملیار دینار لە داهاتە ناوخۆییەکانی رەوانەی بەغداد دەكات.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشكردووە: دوای رێککەوتنی تەواوەتی لە نێوان وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی نەوتی عێراق و واژۆکردنی رێککەوتنەکە، نەوتەكە بووەتە پشکی کۆمپانیای سۆمۆ، وادەی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن دەمێنێتەوە كە لە ئەستۆی بەغدادو ئاستی خێرایی گەیشتنێتی بە رێککەوتن لەگەڵ لایەنی تورکی.
دەشڵێت: وەزارەتی دارایی هەرێم بڕی (120)ملیار دینار لە داهاتە ناوخۆییەکان دەگوازێتەوە بۆ بەغداد، دوای ئەوە ئەنجومەنی وەزیران لە دانیشتنی رۆژی یەکشەممەدا بڕیار دەدات راستەوخۆ موچەی فەرمانبەران بۆ مانگی حوزەیران خەرج بکات.
ڕۆژی ڕابردووش سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە "هەرێم نیوز"ی ڕاگەیاند، ماوەی هەفتەیەکیش دەبێ 120 ملیار دینارمان ئامادەکردووە بۆ بەغدا و هەرکات داوای بکەن رادەستی بانکی ناوەندی عێراق لقی هەولێری دەکەین.
لە کاتێکدا هەر ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، وەزارەتەکە لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق لە سەر میکانیزمی هەناردەکردنەوەی نەوت ڕێککەوتن.
ئاماژهی بهوهش کردووە، دوای هەڵسەنگاندنی کێشەکانی هونەری گفتوگویەکی زۆر، لە ١١ی مانگی ٨ رێکەوتن لە سەرمیکانیزمی هەناردەکردنی نەوتی کێڵگەکانی هەرێم کراوە ، کە بە گوێرەی بەرهەمی ڕۆژانەی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان دەبێت، ئەویش دوای ئەوەی 50 هەزار بەرمیل بۆ پێویستی ناوخۆی هەرێم گلدەدرێتەوە، بەرهەمەکەی دیکە بۆ هەناردەکردن ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ دەکرێت.