هەرێم نیوز
وەزیری کشتوکاڵی هەرێم ڕایگەیاند، هەمو ئاسانکارییەک بۆ ئەو کەسانە دەکرێت کە دەیانەوێت بەرهەم هەناردەی دەرەوە كوردستان بکەن و دەیانەوێت ناوبانگی کوردستان لە بازاڕەکانی دەرەوە بەرزبكەنەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 8ی 9ی 2025، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، سیاسەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە براند کردن و هەناردەکردنی بەرهەمی کشتوکاڵیی جوتیارانی کوردستانە بۆ دەرەوەی وڵات.
ئاماژەی بەوەشكرد، هەمو ئاسانکارییەک بۆ ئەو کەسانە دەکرێت کە دەیانەوێت بەرهەم هەناردەی دەرەوە كوردستان بکەن، لەگەڵ ئەوەشدا چاویان لە بەرزکردنەوەی کوالێتییە بۆ ئەوەی ناوبانگی هەرێم بپارێزین.
باسی لەوەش کرد، پشتیوانی بەردەوام لە جوتیاران دەکەن، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نەناردنی پارەی گەنمەکەشیان. پارەی گەنمی ئەمساڵی جوتیارانی کوردستان دواکەوتوە، بەڵام لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی و حکومەتی عێراق لەسەر هێڵن بۆ ناردنی پارەکەیان بەزوترین کات.