هەرێم نیوز
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان جیاوازیی مووچە و دەرماڵەی فەرمانبەران خەرج دەكات کە لەگەڵ مووچەی مانگی 12ی 2024 خەرج نەکراوە، بەرپرسێكی گەنجینەش دەڵێت: "رێكارەكانی خەرجكردنی ئەو پارەیە دەستی پێكرد و پەیوەندیی بە لیستی مووچەوە نییە، هەر فەرمانگەیەك كارەكانی خۆی تەواو بكات بۆی خەرج دەكرێت."
بەپێی نووسراوێكی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە رۆژی 9ی9ی2025، ئاراستەی تەواوی وەزارەتەکان کراوە ، لە ناوەڕۆكەكەیدا هاتووە: ''سەبارەت بە جیاوازیی ئەو مووچە و دەرماڵانەی ساڵی 2024 کە لەگەڵ مووچەی مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی 2024 بەستراوە و بە سپاردە (ئەمانات) تۆمار کراوە، لەبەر ئەوەی ئەو مووچەیە خەرج نەکراوە، ئەو جیاوازیی مووچە و دەرماڵانە بۆیان خەرج بکرێتەوە، بەدەر لە لیستی مووچە، لەسەر بودجەی ساڵی 2025."
بەرپرسی گەنجینەیەكی وەزارەتی دارایی رایگەیاندوە: "روونكردنەوەمان بۆ فەرمانگەكان ناردووە بۆ چۆنیەتیی خەرجكردنی ئەو جیاوازیی مووچانەی كە خراونەتە نێو مووچەی مانگی 12 و مووچەی ئەو مانگەش خەرج نەكرا، خەرجكردنی پارەی جیاوازیی مووچە و دەرماڵە لەسەر تۆماری (ئەمانات) دەكرێت".
ئاماژەی بەوەش دا: "ئەو حساباتەی مانگی 12 لەنێوان گەنجینە و لقەكانی ماوە، ئەو جیاوازیی مووچەیە دەكرێتە پاكتاو لە (حیساباتی جاری) دەگواسترێتەوە بۆ (امانات متنوعە)".
بەرپرسی ئەو گەنجینەیە ئاشكراشی كرد: "فەرمانگە و وەزارەتەكان بەم رێكارە دێنە گەنجینەكان و چەك وەردەگرن و پارەكە خەرج دەكرێت".
روونیشی كردەوە: "هەر فەرمانبەرێك لە هەر فەرمانگەیەك ئەو جیاوازیی مووچە و دەرماڵانەی هەیەتی و كەوتووەتە نێو مانگی 12، ئەوە فەرمانی كارگێڕی بۆ دەردەكرێت و بڕی پارەكە و وردەكارییەكەی دەخرێتە روو و دەبردرێتە گەنجینە و پارەكە خەرج دەكرێت".