دواین هەواڵ

جیهان‌

 18 کاتژمێر پێش ئێستا

مەحمود عەباس: هێرشە دڕندانەکەی ئیسرائیل بۆسەر قەتەر پێشهاتێکی مەترسیدارە

هەرێم نیوز 

مەحمود عەباس، سەرۆکی فەڵەستین رایگەیاند، هێرشە دڕندانەی ئیسرائیل بۆ سەر قەتەر پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان و پەرەسەندنێکی مەترسیدارە. 

مەحمود عەباس، سەرۆکی فەڵەستین لە چاوپێکەوتنێکدا پێش بەڕێوەچونی لوتکەی بەپەلەی عەرەبی و ئیسلامی کە سبەی دوشەممە قەتەر میوانداریی دەکات، جەختی لەوەکردەوە کە "هێرشە دڕندانەی ئیسرائیل بۆ سەر قەتەر پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان و پەرەسەندنێکی مەترسیدارە کە هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیری عەرەبی و نێودەوڵەتی دەکات".

ئاماژەی بەوەشکرد، "پەیام و ئامانجی بەشداریکردن لە لوتکەی ده‌وحە ڕون و بەردەوامە، ئاسایشی قەتەر بەشێکی دانەبڕاوە لە ئاسایشی نەتەوەیی عەرەبی و ئیسلامیمان و هەمومان یەکگرتو وەستاوین لە ڕوبەڕوبونەوەی ئەو هێرشانە".

سەبارەت بە کاردانەوەکانی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئاسایشی عەرەبی و ئیسلامی، ده‌ڵێت، "نوێنەرایەتی نیشاندەرێکی مەترسیدار دەکات کە هەوڵدەدات ئاسایشی هاوبەشی عەرەبی و ئیسلامی تێکبدات و ناوچەکە تێکبدات"، جەختیشی لەوەکردەوە کە "وەڵامێکی یەکگرتوی عەرەبی و ئیسلامی پێویستە بۆ پاراستنی ئاسایشی بەکۆمەڵمان".

مه‌حمود عەباس هەروەها جەختی لە پێویستی خێراکردنی گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان و کشانەوەی تەواوی هێزەکانی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە و ڕاگرتنی چالاکییەکانی نیشتەجێبون و تیرۆری دانیشتووانی کەرتی ڕۆژئاوا و قودس و گەڕانەوەی پارە دەستبەسەرداگیراوەکانی فەلەستین و هەنگاونان بەرەو پێشەوە لەگەڵ ئاوەدانکردنەوە و کۆتاییهێنان بە داگیرکردنی تەواوی خاکی دەوڵەتی فەلەستین كرده‌وه‌.

ئەمەش لەکاتێکدایە، لەگەڵ پێشبینییەکان کە "ناتۆی عەرەبی" کە نزیکەی 10 ساڵ لەمەوبەر لەلایەن میسرەوە پێشنیارکرابو، لە میانی کۆبونەوەی بەپەلەی عەرەبی و ئیسلامی لە ده‌وححە سبەی دووشەممە جارێكی دیكه‌ ده‌خرێته‌وه‌به‌ر باس.

سەرۆک وەزیرانی عێراق داوای "راگەیاندنی هاوپەیمانییەکی سیاسی، ئەمنی و ئابوری وڵاتانی ئیسلامی" کرد و ئاماژەی بەوەدا کە "هیچ شتێک نییە ڕێگری لە وڵاتانی ئیسلامی بکات هاوپەیمانییەک لە شێوەی هێزێکی هاوبەشی بەرگریی ئەمنی پێکبهێنن".

جەختیشی لەوەکردەوە کە "وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی چەندین هۆكاریان هەیە کە دەتوانرێت هاوپه‌یمانییه‌ك پێكبهێنرێت بۆ ڕوبەڕوبونەوەی دەستدرێژی ئیسرائیل، چونكه‌ ده‌ستدرێژیه‌كه‌ لە قەتەر ناوەستێت، حکومەتی ئیسرائیل هەمو شتێکی بە کەم سەیر کردوە و ئەوەی زیاتر لە دو ساڵە لە غەززە ڕودەدات کوشتنی سیستماتیکە".



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP