هەرێم نیوز
سکرتێری گشتیی یەکێتیی ئەوروپا ڕایدەگەیەنێت، لە پێناوە پاراستنی گیانی منداڵان و مرۆڤایەتیدا، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل ڕادەگرن، هۆشداریشی دا نابێت برسێتی وەک چەکێکی جەنگ بەکاربهێنرێت.
ڤۆن دێر لاین لە وتارێکدا لەبەردەم پەرلەمانی ئەوروپا لە شاری ستراسبۆرگی فەرەنسا رایگەیەند "کۆمیسیۆن مانگی داهاتوو گرووپێکی بەخشەران بۆ فەڵەستینییەکان پێکدەهێنێت، کە ئامرازێک بۆ ئاوەدانکردنەوەی کەرتی غەززەش لەخۆدەگرێت."
وتیشی: "قەتیسکردنی خەڵک لە برسێتییەکدا کە مرۆڤ دروستیکردووە، ناکرێت وەک چەکی جەنگ بەکاربهێنرێت."
ئاماژەی بەوەشدا "ئەوەی لە غەززە رودەدات، ویژدانی جیهانی هەژاندووە. خەڵک دەکوژرێن لەکاتێکدا سواڵی پارووە نانێک دەکەن. دایکان منداڵی مردوو بە باوەشەوە دەگرن. ئەم دیمەنانە کارەساتبارن. لەپێناو منداڵان، لەپێناو مرۆڤایەتیدا، پێویستە ئەمە بوەستێت."
لەلایەکی دیکەوە، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا بەڵێنیدا بەرگری لە "هەموو بستێکی" خاکی کیشوەرەکە بکات و داوای کرد وەبەرهێنان لە توانای ستراتیژیدا زیاتر بکرێت بۆ بەهێزکردنی "لایەنی رۆژهەڵات" لە بەرامبەر هەڕەشەکانی روسیادا.
ڤۆن دێر لاین ئیدانەی پێشێلکردنی ئاسمانی پۆڵەندای لەلایەن فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی روسیاوە کرد لەکاتی هێرشکردنە سەر ئۆکرانیا و بە پێشێلکارییەکی "بێباکانە و بێوێنە" وەسفی کرد. ئەو وتی: "ئەمڕۆ پێشێلکارییەکی بێباکانە و بێوێنەی ئاسمانی پۆڵەندا و ئەوروپامان بینی لەڕێگەی زیاتر لە 10 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە،" و جەختی کردەوە کە "ئەوروپا بە تەواوی هاوپشتی پۆڵەندایە."
هەروەها رایگەیاند کە پێویستە ئەوروپا سەربەخۆیی و پێگەی خۆی لە سیستەمێکی نوێی جیهانیدا بپارێزێت، لەڕێگەی هەڵگرتنی بەرپرسیارێتیی ئاسایشی خۆی و کۆنترۆڵکردنی تەکنەلۆژیا و سەرچاوەکانی وزە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، یەکێتیی ئەوروپا لەبارەی سەپاندنی سزاکان سەر ئێران بەسەر دوو بۆچوونی دژ بە یەک دابەش بوون. وەزیری دەرەوەی بەلجیکا، لەو بارەوە وتی: خەڵک وای دەبین یەکێتیی ئەوروپا لە سیاسەتی دەرەوەی متمانەی لەدەستداوە.