هەرێم نیوز
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆ دەبێتەوە و بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی فیدراڵ سەبارەت بە کێشەکانی نێوان هەوڵێر و بەغدا تاوتوێ دەکات.
ئەمڕۆ چوارشەممە، فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئەنجومەنی وەزیران کۆ دەبێتەوە و دواپێشهاتی هەردوو دۆسیەی داهاتە نانەوتییەکان و دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم و خستنەڕووی بڕیارەکانی کۆبوونەوەی ئەم هەفتەیەی ڕۆژی 9ی 9ی 2025 ـی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی فیدڕاڵ گفتوگۆ دەکات.
هەروەها، كۆنووسی هاوبەشی وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان لە ڕۆژی 2ی 9ی 2025، تایبەت بە پێشنیاریان سەبارەت بە پیادەكردنی یاسای ڕاژە و خانەنشینیی پێشمەرگە ژمارە (38)ی ساڵی 2007 دەخرێتە ڕوو.
ڕاسپاردەكانی وەزارەتی دارایی و ئابووری، سەبارەت بە ئاسانكاریی پێشینە و قەرزەكانی تایبەت بە (خانووبەرە، كشتوكاڵ، پیشەسازی، نیشتەجێكردن و گەشتیاری) بابەتێکی دیکەی کۆبوونەوە دەبێت.
لە کۆتاییدا و لە چوارچێوەی پرۆسەی یەكخستنەوەی ڕێكارە داراییەكانی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵی، چەند پێشنیار و ڕاسپاردەیەكی وەزارەتی دارایی بۆ یەكخستنی ڕێكار و ڕێنماییەكانی باج و ڕێژەكانیان، لەنێوان دامەزراوەكانی باج لە هەردوو حكومەتی هەرێم و فیدراڵ دەخرێتە ڕوو.