هەرێم نیوز
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە،ئەو 25 گەنجە کوردەی بە پشتیوانیی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بە هەوڵی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، لە بەندیخانەکانی لیبیا ئازادکران لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە گەیشتنەوە هەرێمی کوردستان.
سروە ڕەسووڵ، بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی هاوبەشی هەمەهانگی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دوای پەنجا ڕۆژ مانەوەی ئەو گەنجانە لە گرتووخانەکانی وڵاتی لیبیا، فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و هەڵسووڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا، توانیان گەنجە دەستگیرکراوەکان بدۆزنەوە و ئازادیان بکەن و پاسپۆرتیان بۆ دابین بکەن، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانیش ئەرکی گەڕاندنەوەی ئەو گەنجانەی لە ئەستۆ گرت.
ئەمەش لە کاتێکدایە، ئەو گەنجانە ڕۆژی یەکشەممە 2025-06-29 لەڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەڵەتیی هەولێر و فرۆکەخانەی بەغدا گەشتیان کردووە، هەموویان لە قاهیرەی پایتەختی میسر دابەزیون، لە 30ی مانگ چوونەتە بەنغازی لە لیبیا، لە 1ی7ی2025 بەرەو تەرابلوس بەڕێکەوتوون، لە نێوان میسراتە و ئەلخومس دەستگیر کراون، بەهۆی 'لۆکەیشنی سەر ئەپل ئایدی' زانیویانە لە ئاسایشی گشتیی تەرابلوس ڕاگیراون.
بەشێکی زۆری ئەو گەنجانەی لە هەرێمی کوردستان و وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کیشوەری ئەفریقیا ڕوو لە ئەوروپا دەکەن، هەوڵ دەدەن لە ڕێگەی وڵاتی لیبیاوە بگەن بە کەناراوەکانی وڵاتی ئیتالیا، 25 کوردیش ئەو ڕێگەیان بەکارهێنابوو و لە وڵاتی لیبیا دەستگیر کرابوون، دوای ئازادکردنیشیان ئەمڕۆ لە ڕێگەی فرۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر گەڕێنرانەوە کوردستان.