دواین هەواڵ

جیهان‌

 7 کاتژمێر پێش ئێستا

ڕۆژنامەیەک: هێرشەکەی دەوحە چەند هەفتەیەک لەمەوبەر پلانی بۆ دانرابوو پێدەچێت ئامانجەکەی نەپێکابێت

هەرێم نیوز

میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویانكرده‌وه‌، هێرشی دەوحە كه‌ چەند هەفتەیەک لەمەوبەر پلانی بۆ دانرابو، پێدەچێت ئەنجامە خوازراوەکەی بەدەست نەهێنابێت، وه‌زیری به‌رگری ده‌ڵێت، "دەستمان دەگاتە سەرکردەکانی حەماس لە هەموو شوێنێک، ناتوانن خۆیان بشارنەوە".

ڕۆژنامەی مه‌عاریفی ئیسرائیلی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند، ئۆپەراسیۆنی ده‌وحە چەند هەفتەیەکە پلانی بۆ دانراوە و دەزگای ئاسایشی شین بێت چاوەڕێی ئەنجامی کۆتایی هێرشەکەی قەتەر دەکات، به‌ڵام "هیچ کەسێک لە باڵەخانەکەی ده‌وحە نەیدەتوانی ڕزگاری بێت".

لایخۆیەوە، ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل هۆشدارییدا و وتی، "دەستی ئێمە دەگاتە سەرکردەکانی حەماس لە هەموو شوێنێک، ئەوانیش ناتوانن خۆیان بشارنەوە"، سوێندیشی خواردوه‌ سەرکردەکانی غەززە و حەماس لەناوببەن "ئەگەر مەرجەکانی ئێمە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە قبوڵ نەکەن". 

لە کاتێکدا کۆمپانیای پەخشی ئیسرائیل ڕاپۆرتی داوە، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، سەرەڕای ناڕەزایەتی بەرپرسانی ئەمنیی سەبارەت بە کاتی هێرشەکە، بڕیاری ئەنجامدانی هێرشەکەی دۆحەی داوە. لای خۆیەوە، باڵیۆزی ئیسرائیل لە ئەمەریکا دووپاتی کردەوە، تەلئەڤیڤ بەردەوام دەبێت لە بەئامانجگرتنی سەرکردەکانی حەماس و هۆشداری دا "ئەگەر هێرشەکەی دەوحە هەر ئامانجێکی لەدەستدا، ئەوا جارێکی دیکە لێیان دەدات."

دوێنێ سێشەممە، 9ی 9ی 2025، ئیسرائیل لە هێرشێکی ئاسمانیدا هەوڵی تیرۆرکردنی سەرکردە سیاسییەکانی بزووتنەوەی حەماسی لە قەتەر دا، بەمەش بازنەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست فراوانتر کرد. واشنتن ئەم هێرشەی بە تاکلایەنە وەسف کرد و ڕایگەیاند، خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا یان ئیسرائیل ناکات.

بەگوێرەی سەرچاوە دیپلۆماسییەکان، ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەمڕۆ چوارشەممە، 10ی 9ی 2025، کۆبوونەوەیەکی بەپەلە ئەنجام دەدات بۆ تاوتوێکردنی هێرشی ئیسرائیل. جەزائیر و چەند وڵاتێکی دیکەی ئەندام داوای ئەم کۆبوونەوەیان کردووە.

هاوکات، بزووتنەوەی حەماس ڕایگەیاند، لە هێرشە کتوپڕەکەی دوێنێی دەوحە شەش کەس کوژراون، لەنێویاندا کوڕی خەلیل حەیە، کە کاریگەرترین کەسایەتی بزووتنەوەکەیە لە دەرەوەی وڵات. قەتەر بە توندی ئەو هێرشەی شەرمەزار کرد و بە "پێشێلکردنی ئاشکرای هەموو یاسا و نۆرمە نێودەوڵەتییەکان و هەڕەشەیەکی ڕژدی بۆ سەر ئاسایشی" دانیشتووانی وڵاتەکەی وەسفی کرد.

قەتەر هێرشەکەی بە "پێشێلکردنی ئاشکرای هەمو یاسا و پێوەرە نێودەوڵەتییەکان و هەڕەشەیەکی جددی بۆ سەر ئاسایشی" دانیشتوانی وڵاتەکەی شەرمەزار کرد.

بنیامین نه‌ته‌نیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، هێرشەکە لە کاردانەوەی تەقەیەکی کوشندەی حەماس لە قودس بو کە ڕۆژی دوشەممە دو چەکداری حەماس شەش کەسیان کوشت، هەروەها هێرشێکی دیکە بۆ سەر سەربازەکان لە غەززە ئه‌نجامدرا.

 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP