هەرێم نیوز
ڕۆژنامەی "ئۆرشەلیم پۆست" بڵاویکردەوە، دەیان ژنە بریکاری مۆساد لە کاتی شەڕی ١٢ ڕۆژەی نێوان ئیسرائیل و ئێران دزەیان کردە ناو خاکی ئێران و بەشدارییان لە ئۆپەراسیۆنە جۆراوجۆرەکان لەسەر خاکی ئەو وڵاتە کردووە.
دەیڤید بارنیا، سەرۆکی مۆساد، ڕۆڵی بریکاری ژن لەم شەڕەدا بە "زۆر بنەڕەتی" ناوبرد.
ڕۆژنامەی (ئۆرشەلیم پۆست) نووسیویەتی، لە ئۆپەراسیۆنی ئیسرائیل لە ئێران، سەرۆکی مۆساد سەدان بریکار و هەروەها تۆڕێک لە ناڕازییە ڕاهێنراوەکانی ئێرانی هەماهەنگی کردووە بۆ بە ئامانجگرتنی ڕادار و مووشەکی بالیستیک و ناردنی زانیاری بۆ فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل.
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە شەپۆلی یەکەمی ئۆپەراسیۆنەکان ئەوەندە سەرکەوتوو بوو کە ئێران تەنیا لە ڕۆژی دووەمەوە توانی وەڵامێکی سنووردار بە ئیسرائیل بداتەوە.
ڕۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆست نووسیویەتی، جگە لە بریکارە ڕاستەقینەکانی مۆسادی ئیسرائیل، خزمەتگوزاری سیخوڕی وڵاتەکە گەیشتووەتە ئاستێکی نوێ لە دامەزراندنی و ڕاهێنانی بریکاری ناڕازی ناوخۆیی بە ڕەگەزنامەی ئێرانی "بۆ ئەوەی دژی ڕژێمی ئایەتوڵڵاکان مامەڵە بکەن".