دواین هەواڵ

کوردستان‌

 21 کاتژمێر پێش ئێستا

خوێندکارانی عێراقی گێچەڵ بە کچەخوێندکارانی زانکۆی هەمەدان دەکەن؛ داوای دەرکردنیان دەکرێت

هەرێم نیوز

پاش ئەوەی خوێندکارانی زانکۆی هەمەدان خۆپیشاندانیان دژ بە خوێندکارانی عێراقی کردبوو، ماڵپەڕی هەواڵی ئەلجەبالی عێراقی لە ڕاپۆرتێکدا پشتڕاستی کردەوە کە خوێندکارێکی عێراقی بە ناوی "سەیف سەدام حسێن" کچە خوێندکارێکی ئێرانی لە زانکۆی هەمەدان هەراسان و سووکایەتی پێکردووە، ئەمەش ناڕەزایی خوێندکارانی زانکۆی لێکەوتەوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، چالاکوانان و خوێندکارانی هەمەدانی، وێنەی گفتوگۆ و پەیامەکانی ئەم خوێندکارە عێراقییەیان بڵاوکردووەتەوە، کە داواکاریی نائاسایی لە ژنان و هاوپۆلەکانی دەکات.

ماڵپەڕەکە نووسیویەتی: "ژمارەیەک لە دانیشتووانی هەمەدان ڕایانگەیاندووە، کە بەشێک لە خوێندکارانی عێراقی تەنیا سوکایەتییان بە کچانی زانکۆکە نەکردووە، بەڵکو بە سودوەرگرتن لە بارودۆخی ئابووریی خەڵک، بە بەڵێنی پێدانی پارە، ژنانی شارەکەیان هەراسان کردووە؛ ئەمەش توڕەیی و ناڕەزایی دانیشتووانی ئەو شارەی لێکەوتووەتەوە".

خوێندکارانی شاری هەمەدان لە گردبوونەوەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوودا ناڕەزایەتیان دەربڕی بەرامبەر بە هەبوونی خوێندکارانی سەر بە هێزەکانی حەشدی شەعبین.

لە ساڵانی ڕابردوودا ژمارەی خوێندکارانی عێراقی لە ئێران گەیشتووەتە دەیان هەزار قوتابی. هێزەکانی حەشدی شەعبی سکۆلەرشیپیان لە حکومەتی ئێران وەرگرتووە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP