هەرێم نیوز
وەزیری کارەبا رایگەیاند، 4 ملیۆن هاوڵاتی لە پرۆژەی رووناكی سودمەندن؛ (80%)یان لە جاران كەمتر پارە دەدەن، دەشڵێت، هەڵەبجە یەكەمین پارێزگای هەرێمی كوردستانە لەسەر ئاستی هەموو عێراق بووە خاوەنی كارەبایەكی ٢٤ كاتژمێری.
وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، كەمال محەممەد ساڵح وەزیری كارەبا، لە دیدارێكی ڕۆژنامەوانیدا جەختی لەسەر چارەسەركردنی كێشەی كارەبا كردەوە، كە جێبەجێكردنی كارنامە وەزارییەكەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بوو؛ کە كێشەی 30 ساڵەی كارەبا چارەسەر بكرێت. لە ئێستادا بە هەماهەنگیی لەگەڵ تیمی نووسینگەی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، پرۆژەی ڕووناكی 24 كاتژمێری بە شێوەیەكی ڕێكوپێك جێبەجێ دەكرێت، كە لەگەڵ هەڵكشانی خێرایی هاوبەشانی كارەبا بۆ سەرووی 1.95 ملیۆن هاوبەش، كە لەم كابینەیەدا نزیكەی 500 هەزار هاوبەش زیاد بووە، جێبەجێكردنی ئەم پرۆژەیە پێویستییەكی ئەم سەردەمە بوو.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئێستا 4200 مێگاوات كارەبا بەرهەم دەهێنرێت و بەرهەمهێنانی كارەبا لەم كابینەیەدا 1840 مێگاوات زیاد كراوە، ئەم مێگاواتە زیادەیەش هەروا لەخۆڕا بەرهەم نەهاتووە، بەڵكو بە پاڵپشتیی ئەنجومەنی وەزیران، كرێكاران، كارمەندانی وەزارەت، پشوودرێژی هاووڵاتییان و هەروەها لەڕێگەی ئەنجامدانی ژمارەیەك چاكسازیی لە گرێبەستەكان و كەمكردنەوەی تێچوون و بەكارهێنانی وزەی پاك كە گازی سروشتییە ئەنجام دراوە.
وەزیری كارەبا ئاماژەی بەو وێستگانەش كرد كە تێیدا بەرهەمهێنانی كارەبای لێ زیادكراوە، ئەوانیش بریتیین لەمانەی خوارەوە:
- وێستگەی بازیان، بە توانای 750 مێگاوات
- وێستگەی خۆرمەڵە، بە توانای 500 مێگاوات
- وێستگەی هەڵمی خەبات، بە توانای 300 مێگاوات
- وێستگەی گەرمیان، بە توانای 165 مێگاوات
- وێستگەی دێرەلۆك، بە توانای 38 مێگاوات
- بەگەرخستنەوەی وێستگەكانی هەولێر و سلێمانی و دهۆك، بە توانای 87 مێگاوات.
ئەمە وێڕای چارەسەركردنی كێشە تەكنیكییەكانی هەردوو وێستگەی كارۆئاوی (دوكان و دەربەندیخان) و هەمواركردنەوەی گرێبەستەكانی كارەبا لەگەڵ وەبەرهێنەكان.
وەزیری کارەبا لە درێژەی دیدارەکەیدا ئاماژەی بەوەکرد، کە لەمەش گرنگتر پارێزگاریكردن بوو لە ژینگە، كە توانیمان ئاستی بەرهەمهێنانی كارەبا بە وزەی پاك و خاوێن بۆ سەرووی لە 84% بەرز بكەینەوە، كە لە گازی سروشتی لە 83% و لە 1% كارۆئاوی، لە ڕێگەی بەكارهێنانی گاز و وزەی خۆر و وزەی هایدرۆپاوەر، بەمەش پارێزگاری لە ژینگە كرا، كە مەترسیی زۆری بۆ سەلامەتیی تەندروستیی هاووڵاتییان هەبوو. ئەگەریش پرۆژەی ڕووناكی حساب بكەین كە ئەو هەموو موەلیدەیە كە بەگازی ژەهراوی كاریان دەكرد کوژێنرانەوە، ئەوا گەورەترین دەستكەوتە بۆ سلامەتیی هاونیشتیمانیان؛ تەنانەت وێستگەی 165 مێگاواتی گەرمیان بۆ یەكەمینجارە لە ئاستی هەرێمی كوردستان و عێراقیشدا بتوانرێت سوود لە غازی بەفیڕۆچووی كێڵگەكانی نەوت وەربگیرێت و لە بری ئەوەی بسووتێت و زیانی بۆ ژینگە و هاووڵاتییان هەبێت، دووبارە بۆ بەرهەمهێنانەوەی كارەبا بەكارمان هێنایەوە. هەر لەم كابینەیەدا زیاتر لە 50 مێگاوات كارەبا بە سیستەمی وزەی خۆر پرۆژەی بەرهەمهێنانی كارەبا دانراوە.
لەتەوەرێكی تری دیدارەكەدا كەمال محەممەد، باسی لەو پرۆژانەی گواستنەوە و دابەشكردن كرد، كە بە هەوڵ و ماندووبونی كرێكاران و كارمەندانی وەزارەت و پشوودرێژی هاووڵاتییان و خەمخۆری سەرۆكی حكومەت وایكرد وێڕای نەبوونی پارەو قەیرانی دارایی ئەو ژمارە زۆرەی پرۆژە ئەنجام بدرێت. لە هەمووشی گرنگتر دانان و بەستنی پێوەری زیرەك بوو بۆ لە 80%ی هاوبەشانی كارەبا، ئەم پێوەرەش بووە بناغە بۆ سەركەوتنی پرۆژەی ڕووناكی 24 كاتژمێریی كارەبا؛ بەمشێوەیە زیاتر لە 3353 پرۆژە لە كەرتی دابەشكردنی كارەبا و 61 پرۆژە لە گواستنەوەی كارەبا ئەنجامدرا. هەروەها ئاماژەی بە چەند نموونەیەك لە وێستگەكان و پرۆژەكانی ڕاكێشانی هێڵی پاڵەپەستۆی بەرز كرد، لەوانە دامەزراندنی وێستگەكانی ئیسكانی نوێ، شێروان مەزن و دابینكردنی چوار وێستگەی مۆبایل بۆ سلێمانی، سەیدسادق، چەمچەماڵ، گەرمیان، ئازادی نوێ، كەسنەزان، ڕووناكی، بەرحوشتر، گردجوتیار، بارك، سەلاحەدین، نیشتیمان، دیبەگە، باداوەی نوێ و مەخمور..
هەروەها ڕاكێشانی هێڵەكانی پاڵەپەستۆی بەرز وەكو، بازیان – ڕاپەرین, تانجەرۆ- سەیدسادق، خەبات – ئیفراز، هەولێر – خەبات، سەنتەری هەولێر – ڕۆژئاوای هەولێر و دروستكردنی هێڵی گواستنەوەی 400 كەی ڤی نێوان هەرێم و عێراق و توركیا و كەلار- سەیدسادق و دانان و بهستنی هێڵی نێوان وێستگهكانى كهلهكچى - قهسرۆك، بهردهڕهش - دارهتوو، سهرسهنگ - چهمانگێ ، فایده - شاریه، سهرسهنگ - بامهڕنێ و دەیان پرۆژەی دیكە..
لەلایەكی دیكەوە دەیان گوند بەتایبەتی گوندە دوورە دەستەكان كارەبای نیشتیمانیان بۆ ڕاكێشرا و پێوەری زیرەك كە تاكو ئێستا بەردەوام لە سەنتەری پارێزگاكان و ئەو هاوبەشانەی پرۆژەی ڕووناكی 24 كاتژمێرییان دەگاتێ، بەردەوامە بۆ سەرووی 1ملیۆن و 345 هەزار هاوبەش دانراوە. ئەنجامدانی پرۆژەی پێوەری زیرەك بووە هۆی كەمكردنەوەی بە فیڕۆچوونی كارەبا لە 45% بۆ 31%. له ڕێگەی ئەم پڕۆژەیەوە توانرا له 14% داهاتی كارەبای بە فیڕۆچوو بگەڕێندرێتەوە بۆ گەنجینەی حكومەت و سوتانی گۆڕەری کارەبا بە ڕێژەیەکی بەرچاو ڕووی لە کەمی کرد و سەدان سەرپێچی ئاشكرا كرا و ژمارەیەكی زۆری دیكەی هاوبەشانی نوێی كارەباش كرایەوە، بەمەش تێچوویەكی زۆری كرێی كارەبا و بەفیڕۆچوونێكی كارەبا لەم بوارەدا چارەسەر كرا.
لە تەوەرێكی تری دیدارەكەدا وەزیری كارەبا، باسی لە دابەشكردنی كارەباش كرد، كە 4,000,000 ملیۆن هاووڵاتی كە دەگاتە لە 50%ی هاووڵاتییانی سەرانسەری هەرێمی كوردستان، لە پرۆژەی ڕووناكی 24 كاتژمێریی سوودمەندن و 116,000 شوێنی بازرگانی و هەرچی ئەو دامەزراوە حكومی گشتی و كەرتی تایبەت و قوتابخانە و بنكەی تەندروستی و خزمەتگوزاریی گشتیی هەیە، كە كەوتوونەتە سنووری پرۆژەكەوە لێی سوودمەند بوون. لە ئێستادا كارەبای 24 كاتژمێری، گەیشتە ناوەندی شارەكانی (هەولێر، سلێمانی، دهۆك و هەڵەبجە) و تەنانەت دەوروبەری سەنتەری شارەكانیش. هەڵەبجە یەكەمین پارێزگای هەرێمی كوردستان بوو کە لەسەر ئاستی هەموو عێراق، بووە خاوەن کارەبای 24 كاتژمێری.
4 ملیۆن هاووڵاتی لە ڕێی پرۆژەی ڕووناكییەوە لە 80%ی پارەیەكی كەمتر دەدەن، لە ژینگەیەكی پاكتر و سەلامەتتر دوای ئەوەی 3222 موەلیدە كوژێنرانەوە؛ هەروەها ئەم كارەبایە ڤۆڵتییەكی جێگیر و ژیانێكی سەقامگیرتری بۆ خێزانەكان و كاسبكار و پیشەوەرانیش زامن كردووە. لە كۆتاییی ساڵی 2026 سەرجەم هەرێمی كوردستان دەبنە خاوەنی كارەبایەكی 24 كاتژمێری.