دواین هەواڵ

جیهان‌

 12 کاتژمێر پێش ئێستا

سەرۆكی پەرلەمانی توركیا: ئەمجارە پرۆسەی ئاشتی سەردەكەوێت

هەرێم نیوز

لە مەراسیمی دەستپێکی خوێندنی زانکۆی دیجلە لە ئامەد، سەرۆک پەرلەمانی تورکیا بە زمانی کوردی پەیامێکی کورت پێشکەش دەکات.

نوعمان کورتوڵموش، سەرۆكی پەرلەمانی توركیا، ئەمڕۆ هەینی سەردانی شاری ئامەدی باكوری كوردستانی كرد و لە وتارێكدا ڕایگەیاند، "تورکیا نیوەی سەدەی رابردوی بە بەرەنگاربونەوەی تیرۆرەوە بەسەر بردوە و لەو پرۆسەیەدا تورکیا لانیکەم دو تریلیۆن دۆلاری لەدەستداوە. ئێستا کاتی ئەوە هاتوە ئەمانە لەدوای خۆمان جێبهێڵین".

ئاماژەی بەوەشكرد، لە ناوخۆ و دەوروبەرمان ئاشتی و سەقامگیری زیاتر دروست دەکەین، لە ماوەکانی ڕابردو هیوایەک دروستبوە و پێویستە هەمومان دەستی پێوە بگرین، نامانەوێت جارێکی دیکە خوێن بڕژێت و شەڕ ڕوبدات، تاوەکو سەرکەوتنی تەواوی پرۆسەکەی کاری لەسەر دەکەین.

سەرۆكی پەرلەمانی توركیا باسی لەوەشكرد، لە هەمو ئەو کۆبونەوانەی ڕابردو لەگەڵ سەرجەم چین و توێژەکان ئەنجامدراون، هەمویان ئەوەیان دوپاتکردوەتەوە، با منداڵەکانمان نەخەینە ژێر خاک، بەڵکو چەک بخرێتە ژێر خاک، هەر بۆیە جارێکی دیکە لە گوند و کوێستانەکانی ئەم وڵاتە و ناوچەیە، دەنگی بۆمببارانکردن نابیستینەوە، بەڵکو دەنگی برایەتی و گۆرانی برایەتی ببیستین.

ئەوەشیخستەڕو، زمانی دایک وەک شیری دایک حەڵاڵە، زمان یەکێکە لە باشترین ئامرازەکانی گوزارشتكردنە لە خود، رەنگدانەوەی دابەشبون نییە، بەڵکو رەنگدانەوەی قوڵی فرەچەشنی و فرە کولتورییە، لەم وڵاتەدا لێپرسینەوە لە هیچ کەسێک ناکرێت سەبارەت بەو زمانەی خۆی دەیەوێت بەکاری بهێنێت.

دەشڵیت، هیچ بوارێک بۆ جیاکاری لەسەر بنەمای زمان نییە، دەزانین زمان لە دڵی مرۆڤەوە نزیکترینە، وەک دەزانن وشەی "دڵ" لە زمانی تورکیشدا بە مانای "دڵ" دێت، جیاکاری لەسەر بنەمای زمان لە لای ئێمە ئێمە بوونی نییە.

لە کۆتایی قسەکانیدا بە زمانی کوردی هۆنراویەكی خوێندەوە كە دەڵێت، "با یەکگرتو بین، دڵ بە دڵ، دەست لە دەست،  ئاشتی لە نێوانماندا بێت". هەروەها بە دەنگ هەڵبڕینەوە دوجار لەسەر یەک دوپاتیکردەوە، "ئەمجارە ئاشتی سەردەکەوێت، ئەمجارە ئاشتی و برایەتی سەردەکەوێت".

 لەدوای بڵاوکردنەوەی پەیامەکەی ئۆجەلان لە شوباتی ئەمساڵەوە پرۆسەی ئاشتی کە تورکیا ناوی لێناوە "تورکیای بێ تیرۆر" دەستیپێکردووە و ئەو کۆمیسیۆنەی پەرلەمان دروستیکردووە لە هەنگاوەکانی کۆتاییدا و ئەگەر هەیە چەند ماددەیەکی دەستووری تورکیا لە بەرژەوەندی کورد هەموار بکرێنەوە.

 نوعمان کورتوڵمووش، لە ساڵی 2023ـەوە بووەتە سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، وە جێگری سەرۆکی پارتی داد و گەشەپێدانی حیزبەکەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغانە. دکتۆرای لە ئابووری هەیە و وەک پڕۆفیسۆر ماوەی چەند ساڵێک لە زانکۆی ئیستەنبوڵ وانەی وتوەتەوە. 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP