دواین هەواڵ

کوردستان‌

 14 کاتژمێر پێش ئێستا

مەسرور بارزانی: بەردەوام دەبین لە سەرخستنی پەیامی ئاشتی و بەیەكەوەژیان

هەرێم نیوز

ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی سەرۆکی حکوومەت کەنیسەی ئوم ئەلنوور لە عەنکاوە دەکرێتەوە. کەنیسە ئوم ئەلنوور لەسەر ڕووبەری شەش هەزار مەتر و گوژمەی پڕۆژەکە، بە چوار ملیار و 290 ملیۆن دینار لە عەنکاوە دروستکراوە. شوێنی هەزار کەس لەناو کەنیسەکەدا دەبێتەوە.

بە گوتەی مەترانی کاتدرائی، کردنەوەی ئەو کەنیسەیە زۆر گرنگە بۆ کریستیانەکانی هەرێمی کوردستان و ناوچەکە.

شارۆچکەی عەنکاوە تاکە شارۆچکەی هەرێمی کوردستانە کە ھیچ شارەدێ و گوندێکی نییە و کەوتووەتە ناو ناوەندی هەولێرەوە. 

بە بڕیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ساڵی 2014دا بووە شارۆچکە.

زۆرینەی دانیشتووانی ئەم شارۆچکەیە کلدان و ئاشووریین، کە زۆربەیان پەیوەستن بە کڵێسای کاسۆلیکی کلدانی.

لە گوتارێكدا كە لە مەراسیمی كردنەوەی كەنیسەكەدا پێشكەشی كرد، سەرۆكی حكومەت هیوای خواست كە خوشك و برایانی كریستیان سوود لەو كەنیسەیە وەربگرن كە لە لایەن وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە دروست كراوە.

ئەوەشی خستە ڕوو كە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە هەوڵەكانی بۆ كۆتاییهێنان بەو بارودۆخە سەپێندراوەی دەشتی نەینەوا بەردەوام دەبێت، تاوەكوو خوشك و برایانی كریستیان بتوانن بگەڕێنەوە نێو ماڵەكانی خۆیان.

دەقی گوتارەكەی سەرۆکی حکومەت:

بە ناوی خودای گەورە و میهرەبان
قەداسەتی پاتریارک مار ئەگناتیۆس ئەفرام
قەداسەتی پاتریارک کاردینال لویس ساکۆ
بەڕێزان ئامادەبووانی هێژا

زۆر خۆشحاڵم ئەمڕۆ لەم ڕێورەسمەدا بەشدارم کە کردنەوەی کەنیسەی (ئوم ئەلنوور)ە کە لەلایەن وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دروست کراوە.

ئەم کەنیسەیە بە ناوی (ئوم ئەلنوور) کراوە واتا دایکی ڕووناکی، کە یەکێکە لە ناسناوەکانی حەزرەتی مەریەمی پاکیزە (دروودی خوای لەسەر بێت). حەزرەتی مەریەم نەک تەنیا لە ئایینی کریستیان، بەڵکوو لە ئیسلامیش، پێگەیەکی زۆر تایبەتی هەیە و لە قورئانی پیرۆزدا، لە دەیان ئایەتدا، بە ڕێزێکی زۆرەوە ناوی هاتووە. لە کۆمەڵگەی کوردیشدا، خانمی زۆرمان هەن کە بەو ناوە ناو نراون . هیوادارم ئەم کەنیسەیە، ببێتە شوێنێکی گرنگی خواپەرستی خوشک و برایانی کریستیان لە عەنکاوە و ببێتە مەڵبەندێکی پەرەپێدانی زیاتری برایەتی و دۆستایەتیی نێوان ئایینەکان و گەشەپێدانی کولتووری بەیەکەوەژیان لە هەرێمی کوردستاندا.

لەم ساڵانەی دواییدا، بە تایبەتیش دوای هێرشی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر هەرێمی کوردستان و موسڵ و دەشتی نەینەوا، هەزاران خوشک و برای کریستیان لەو شوێنانە، ناچار بوون ماڵ و حاڵی خۆیان بە جێ بهێڵن و پەنا بۆ هەرێمی کوردستان بهێنن، بەتایبەتیش لە عەنکاوە نیشتەجێ ببن و بە ئاشتی و ئارامی بژین. ئەم کەنیسەیەش، دیارییەکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ ئەو خوشک و برایانەی کە وەک بیستم، بەشێکی زۆریان لە ئاوارەکانی دەشتی نەینەوان کە بەهۆی ناسەقامگیریی ناوچەكەیان، هەر لێرە ماونەتەوە و سوود لەم کەنیسەیە وەردەگرن و خواپەرستی تێدا دەکەن.

بەڕێزان
حكومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت لە هەوڵەكانی خۆی بۆ كۆتاییهێنان بەو بارودۆخە سەپێندراوەی دەشتی نەینەوا و بۆ دروستكردنی كەشێكی ئارام و سەقامگیر، بۆ ئەوەی خوشك و براكانمان بتوانن بە سەربەرزی و بە ئارەزووی خۆیان بۆ ماڵەكانیان و كەنیسەكانیان بگەڕێنەوە.

چەند ڕۆژێک لەمەوبەر، پڕۆژەیەکی ڕێگە و بانمان لە نزیک پەرستگەی لالش کردەوە کە ئاسانکارییەکی زۆر بوو بۆ خوشک و برایانی ئێزیدیمان. هەر ئەمڕۆش دوای کردنەوەی ئەو کەنیسەیە، بەردی بناخەی پەیمانگەی ئایینی ئەزهەر دادەنێین و هەروەها بەشداریی لە ئاهەنگی دەرچوونی پەیمانگەی پێشنوێژ و وتارخوێنان لە هەولێر دەکەین. ئەمە هەمووی بەڵگە و نیشانەی هەمەڕەنگیی کۆمەڵگەی کوردستان و گرنگیدانی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بە هەموو ئایینەکان و بە قووڵکردنەوەی زیاتری بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە و ئازادیی ئایینی لە هەرێمی کوردستان.

حكومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت لە سەرخستنی پەیامی ئاشتی و بەیەكەوەژیان و رێزگرتن لە هەموو ئایینەكان نەك تەنیا لە هەرێمی كوردستان، بەڵكوو لە سەرتاسەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

دووبارە پیرۆزبایی کردنەوەی ئەم کەنیسەتان لێ دەکەم و خودای مەزن کوردستان بپارێزێت و هەمیشە بە خۆشی و برایەتی و تەبایی بژین.
جارێكی تر سوپاس



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP