دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 1 رۆژ پێش ئێستا

فیدراڵییەک تەنها بەناو...هەڵسەنگاندنى فیدراڵییە شکستخواردووەکەى عێراق

هەرێم نیوز

ئەم بابەتە کورتکراوەى کتێبێکى دکتۆر هێمن ئاکرەییە بەو ناونیشانەى سەرەوە کە لە مانگی ئەیلوولی ساڵی 2024 لە لایەن دامەزراوەى وەشاندنى -راوتلیدج-ـى بەریتانییەوە بڵاوکراوەتەوە، کتێبەکە ئەزموونى کارکردنى مەیدانی نووسەرە، 26 چاوپێکەوتنى تایبەتى لەگەڵ گەورە دبلۆماتکارانى عێراقى کردووە لە کورد و عەرەب و شیعە و تورکمان و پسپۆڕانى نێودەوڵەتى،  جگە لەوەش 400 سەرچاوەى ئەکادیمی بەکارهێناوە، سەرەڕای شارەزاییەکانى خۆی کە یەکێکە لە شارەزاکانى بوارى سیاسی دەرەکی و دەوڵەتداریی..

لەو کتێبەدا بە وردی باسى لە شایەتحاڵییەکانى نێچیرڤان بارزانى سەرۆکوەزیرانى پێشوو سەرۆکی هەرێمى کوردستان لە ئێستادا کردووە، بەو پێیەى ئەو دەست و پەنجەى لەگەڵ بابەتە سەرەکییەکان و پێشێلکارییە دەستوورییەکان نەرمکردووە و لە هەمووان ئاگادارترە و لە کتێبەکەیدا چەند لاپەڕەیەکی بۆ دیدگاکانى ئەو تەرخانکردووە، بە تایبەتى لەو ماوانەى کە دەکەوێتە نێوان 2005 بۆ 2017 و لە سەرجەم روداوەکاندا کارەکتەرێکی سەرەکیی بووە، بەتایبەتى ئەو بابەتانەى کە پەیوەندییان بە بودجەى عێراقەوە هەبووە و پشکى هەرێم لەو پرۆسەیەدا، لەگەڵ سروشتى پەپوەندییەکانى نێوان هەرێم و بەغداد و چۆنیەتى ئەو ناکۆکییە نەتەوەییەى بوونى هەیە و چۆنیەتى مامەڵەکردنیان لەگەڵیدا، لە هەمان کاتیشدا باسى لەوەشکردووە کە دیدگاى ئەوان بۆ داهاتووى عێراق و پەیوەندییەکانى نێوان هەردوولا چۆن دەبیت.
ئەزموونى شکستخوادنى سیستمى فیدراڵی لە عێراق لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە نەتوانراوە سیستمێکى فەرمانڕەوایی هەمە لایەن بۆ عێراقییەکان بە هەموو پێکهاتەکانییەوە دابنرێت، بۆیە نەتوانراوە یەک دیدگاى هاوبەش بۆ بابەتەکان بونیاد بنرێت و هەمووان کۆک بن لەسەری دیارترینیان ئەگەر وەک نموونە بهێنێنەوە ریفراندۆمەکەى کوردستان بوو لە ساڵی 2017 و ئەو هەموو خوێندنەوە جیاوازەى حیزبە عێراقییەکان بوو کە بۆ دەقە دەستوورییەکەى لەگەڵ بابەتە جەوهەرییەکانى دیکەى نێودەستوورى عێراق.

 لە دیدگاى خەڵکی کوردستانیشەوە فیدراڵیەتى عێراق بووەتە قەڵغانێک بۆ شاردنەوەى ستەمکارییەکانى دەسەڵاتدارانى عێراق، دواى ئەو هەموو کارەساتانەى کە بەسەر کورددا هاتووە لە سایەى رژێمەکانی پێشوو چاوەڕێدەکرا لە سایەى حکومەتى فیدراڵیدا دۆخێکی دیکە بهاتایەتە پێشەوە، لەم بوارەدا نێچیرڤان بارزانى بە ڕوونی دەریبڕیوە و دەڵێت: لە دیدگاى ئێمەوە فیدراڵییەت دەبێت دوو بنەماى سەرەکی هەبێت ئەوانیش یەکەم بەشداریکردنى فیعلى ئێمەیە وەک شەریکێکى راستەقینە لە هەموو بوارە دارایی و سەربازیی و سیاسییەکان، دووەمیش دەسەڵات دەبێت بە گوێرەى جوگرافیاى سیاسی دابەشبکرێت، هەر ئەوەش فیدراڵییەتى راستەقینە نیشان دەدات.

لەبەرامبەر ئەم بۆچوونەدا بەشێکى زۆر لە سەرکردە سیاسییە عەرەبەکان تا ئێستاش فیدراڵییەت بۆ عێراق بە مەترسیدار لێکدەدەنەوە و پێیان وایە لەبەر یەکهەڵوەشاندنەوەى عێراقە، ترسی ئەوان لە دەسەڵات و ئەزموونى هەرێمى کوردستانە و لەوە دەترسن کۆتاییەکەى بە جیابوونەوە بێت لە عێراق، ئەوە لە کاتێکدا پێش لە 2003 کاتێک حیزبە عێراقییەکان دەستیان نەگەشتبووە دەسەڵات پشتیوانى عێراقێکی فیدراڵییان بانگەشە دەکرد، بەڵام لە دواى 2005 بە مەترسی بۆ سەر یەکپارچەیی عێراق ناوى دێنن، ئەوە لە کاتێکدا لە بەشى دووەمی کتێبەکەدا جەختکراوەتەوە لەسەر ئەو وڵاتەى کە فیدراڵین و نەتەوەى جیاوازیان تێدایە بەهێزتری کردووە نەک لاواز، خۆ ئەگەر فشار بۆ سەر پێکهاتەیەک دروستکرابێت بە رووخان کۆتایی هاتووە، باسى لەوەشکردووە کە لە نێو هەندێک لە وڵاتاندا فیدراڵییەت زۆر سەرکەوتوو بووە بە نموونەى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا و کەنەدا و ئوستورالیا.

سەبارەت بەو کێشە و ئاڵنگاریی و گرفتانەى لەبەردەم فیدراڵییەتەکەى عێراقدا هەیە لەسەر زاری سیاسی و دبلۆماتکارە عێراقییەکانەوە چەندین پێشنیار و رێگە چارەى باسکردووە و یەکێک لەوانەش کۆنفیدراڵییە، ئەو پێی وایە ئەگەر فیدراڵییەت لە عێراقدا کێشەى بنەڕەتى هەبێت ئەوا دەبێت بابەتێکى تری شوناس بێتە پێشەوە وەک سەربەخۆیی یان لانى کەم کۆنفیدراڵیی.
دکتۆر هێمن لە بەشى پێنجەمی کتێبەکەیدا باس لە چۆنیەتى نوسینەوەى دەستووری عێراق دەکات و نوسیویەتى یەکێکە لە سڕینەوەى شوینەوارەکانى بەعس و هێنانە پیشەوەى سیستمێکى دیکەى فەرمانڕەوایی هەربۆیە لە ماوەیەکی زۆرکەمدا سەرجەم پێکهاتە و لایەنەکان بەدەمیەوە چوون و پەرلەمان و حکومەت پێکهات و هەر لەو دەستوورەشدا سەرجەم دەسەڵاتەکانى هەرێمەکان دیاریکراوە کە تا ئێستاش تەنها هەرێمی کوردستان بوونی هەیە، بەڵام بەهۆی گەشتنە دەسەڵاتى حیزبە شیعییەکانى عێراق ئەو بابەتە فیدراڵییانە بە تەواوەتی بەرەوکاڵبوونەوە چوون، سەردەمی ئەوان خراپتر بوو لە سەردەمی سوونەى دەسەڵاتداری پێشوو بەرامبەر بە کورد، هەربۆیە کوردیش بەچاوى گومان و دوودڵی و ترسەوە لەو دەسەڵاتە خۆ سەپێنەى بەغدادی دەڕوانیی و ئەوانیش ترسیان لە جیابوونەوەى کورد هەیە، ئەوەتا دواى ئەو هەموو ساڵە بەسەر ریفراندۆمەکەى کوردستاندا هێشتا ژمارەیەکی زۆر لە شرۆڤەکاران پێیان وایە ستەمێکى گەورە لە کورد کراوە کە ریفراندۆمى 2017 ئەوپەڕیی دەستوورى بووە و حکومەتى ناوەند پێشێلى دەستووری کردووە.

کوردپێیى وایە لە زۆرێک لە مادە دەستوورییەکانى عێراقدا ستەم لە کورد کراوە لەوانەش ناوچە جێناکۆکەکان، دامەزراندنى ئەنجومەنى ئیتحیادیی، یاساى نەوت و غاز، ئەنجوومەنی پارێزگاکان و چەندینى دیکە، کە یەکێکیان رێگریی کردنە لە دروستکردنى هەرێمى دیکەى وەک هەرێمێک بۆ سووننەکان.
خۆ ئەگەر بەشێک لە شرۆڤەکاران پێیان وابێت کوردیش مادەى دەستوورى پێشێلکردووە، ئەوا دەبێت بزانین لە کاردانەوەى جێبەجێنەکردنى ئەو مادانەدا بووە کە لە بەرژەوەندیی کورد بووە و جێبەجێ نەکراوە، هەربۆیە ئەمە بووەتە بابەتێکى ناکۆکی لە نێوان هەولێر و بەغداد و تا ئێستاش بەتەواوى چارەسەر نەکراوە.

هەر بۆنموونە جێبەجێنەکردنى مادەى 140 کورد بە پێشێلکاریی تەواوى دەستووری دادەنێت لەبەر ئەوەى بەو یاسایە بەشێکى زۆر لە ناوچە دابڕێنراوەکانى دێتەوە ژیر دەست و ئەوانیش بەهۆکاری بەهێزبوونی ئەو ئەگەرەى دادەنێن کە کوردى پێ جیادەبێتەوە لەبەر ئەوەى نەوتێکى زۆری تێدایە و دەبێتە هۆی بنەمایەکی گەورەى ئابووریی بۆیان، هەربۆیە حکومەتى ناوەند زۆر بە هەستیاریی مامەڵەى لەگەڵ ئەو مادەیەدا کردووە، هەربۆیە دانەری ئەو کتێبە پێى وایە دەبێت کورد لەبارەى ئەو مادە دەستوورییەوە پراگماتییانە رەفتاربکات.

نووسەرى کتێبەکە پێى وایە کورد نەهاتووە نموونەى فیدراڵی وڵاتانى دیکە بهێنێت و لێرە پەیڕەویی لێبکات بەڵکو لەئەنجامی ئەزموونى خۆی و بەراوێژ لەگەڵ بەشێکى زۆر لە پارتەکان ئەو بابەتەیان لە نێودەستووردا جێکردووەتەوە کە شوناسى ئەم حکومەتە فیدراڵی بێت، کەچى عێراق هەمیشە لەمپەرى لەبەردەمدا قوت دەکاتەوە.
وەک نووسەر باسی دەکات کورد پێی وایە سەرکردە کاربەدەستەکانى عێراق لە ناوەڕۆکی فیدراڵییەتى عێراق تێنەگەشتوون، سەرەڕای ئەوەى پارتەکانیشیان دەنگیان پێداوە، ئەوان مەرکەزییەت و ناوەند گەراییان بەلاوە پەسەندترە و بەردەوامیش کار بۆ چەسپاندنى ناوەندێتى دەکەن.

سەبارەت بە -فیدراڵییەتى دارایی-یش دکتۆر هێمن ئاکرەیی لەبەشى حەوتەمدا ئاماژەى پێکردووە و نوسییویەتى یاساى نەوت و غاز گەورەترین کێشەى دارایی نێوان هەرێم و بەغدادى بەرهەمهێناوە، سەرەڕای ئەوەش لە 2014ـەوە تا ئێستا تاکلایەنە حکومەتى ناوەندیی بەشە بووجەى هەرێمى کوردستانى بڕیوە، کە لە دەستووردا بە ئاشکرا ئاماژەى پێکراوە، ئەوە لە کاتێکدا بووجەى هیچ پارێزگایەکی عێراق کێشەى بۆ دروستنەکراوە، ئاماژەى بەوەشکردووە حکومەتى هەرێمی کوردستان لە پەرچەکرداردا بریاری ئابووى سەربەخۆی داوە ئەوەش لەکاتێکدا بوو کە داعش سەریهەڵداوە و ملیۆنەها خەڵکی ناوەڕاستی عێراق ئاوارەبوون و هاتوونەتە کوردستان و شوێن و ئاسایش و خۆراکیان بۆ دابینکراوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە کورد هەمیشە ترسی دووبارە بوونەوەى رژێم و ئەزموونەکەى سەدام حسێن بووە، چوون نەوتى خەڵکی دەفرۆشت و چەکی پێدەکڕیی بۆ گیانی کورد، فیدراڵییەت لە چاوى کوردەوە دابەشکردنى دەسەڵات و سەرچاوە جۆراوجۆرەکانە نەک دروشمی بێ ناوەڕۆک و هەر ئەوەش زەمانەتى نەگەڕانەوەى دیکتاتۆریەت دەکات، دووبارە عەرەبەکان .

نووسەر ئاماژەى بەوەشکردووە عەرەبەکان بەردەوام خەمی ئەوەیانە کە کورد ئەم جۆرە لە فیدراڵییەت بقۆزێتەوە بۆ سەربەخۆیی، بەڵام کورد هەمیشە عێراقێکى ئارام و سەقامگیریی ویستووە بەمەرجێک نەبێتە هۆی سەرهەڵدانەوەى کێشەکانى، لە کاتێکدا هاوکاریی عێراقى کردووە کە خۆی هیچ کێشەیەکی نەبووە لە 1991 ـەوە تا 2003 مومارەسەی هەموو دەسەڵاتەکانى خۆی کردووە و لە لایەن هێزە نێودەوڵەتییەکانیشەوە هاوکاریی و پشتیوانى کراوە.

لە هەمان کاتدا سیتسمى فیدراڵی پێویستى بە هەبوونى لانی کەمیی دوو هەرێم هەیە بۆ ئەوەى سەرکەوتووتر بێت، بەڵام پێکهاتەى دەسەڵاتى شیعەکان رێگرن لەوەى هەرێمێک بۆ سوونەکان بێتە ئاراوە و ئەوەش گەورەترین لەمپەری دروستکردووە بۆ ئەوەى شوناسی دەوڵەتەکە فیدراڵی بەسەردا جێبەجێبکرێت.

ئاماژە بەوەشدەکات چیتر عێراق ئەو دەوڵەتە فیدراڵییە بەهێزە نییە وشکستى بنەڕەتى تۆمارکردووە و پێویستى بە پێداچوونەوە هەیە بە تایبەتى لە پەیوەندییەکانى لەگەڵ هەرێمی کوردستان و رۆشتن بەرەو کۆنفیدراڵییەت، ئەگەر وانەکات شڵۆقى و پەشێویی بەرۆکی ئەم وڵاتە بەرنادات و هەر وەکو خۆی لە بازنەیەکی داخراودا دەخولێتەوە و لە کۆتایشدا سەرى خۆی دەخوات.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP