هەرێم نیوز
-1-
کاتێک کابینەى نۆیەم بەسەرۆکایەتى مەسرور بارزانی دەستى بەکارەکانى کرد هاوکات بوو لەگەڵ سەرهەڵدانى کۆمەڵە گرفت و قەیرانێکى جیهانی وەک پەتاى کۆرۆنا و کەرەنتینەکردنى هەموو جیهان، بەو هۆیەوە نرخى نەوت لە هەموو بازاڕەکانى جیهاندا دابەزی، بەڵام بەتوانا و ئیرادەى خودی سەرۆکی حکومەت و دەستباری کابینەکەى لە خۆبوردووانە چوونە ژێرباری کارێکى ئەستەم و ستراتیژیەتى خۆیان لە خەونەوە کردە واقیع، بۆ وەبیرهێنانەوەى هەندێک لە پرۆژە ستراتیژییەکان – هەرێم نیوز- بە زنجیرە تیشک دەخاتە سەر پرۆژەکان و وەبیری هەمووانى دێنێتەوە کە لەو ماوەیەدا چی کراوە و چی لە دۆخی هاووڵاتیانى هەرێمى کوردستان گۆڕیوە.
بەشى یەکەم: حکومەتى هەرێم چۆن روبەڕووى وشکەساڵی و کەمئاویی بووەتەوە؟
لە ئەنجامی گۆرانکارییەکانی کەشوهەوا، کە دیاردەیەکی سروشتییە و بەشێکی زۆر لە وڵاتانى هێناوەتە سەر هێڵ، عێراق و هەرێمی کوردستان – بەداخەوە- یەکێکن لەو وڵاتانەى کە کاریگەریی راستەوخۆیان لەسەر دروستبووە، بە مەبەستى چارەسەرکردنى ئەو بارودۆخە و کەمکردنەوەى کاریگەرییەکانى گۆڕانکاریی کەشوهەوا کابینەى نۆیەم کۆمەڵە پرۆژەیەکی ستراتیژی لە بوارى ئاودا بونیاد ناوە.
بەو پێیەى کە هەرێمى کوردستان ناوچەیەکی تایبەتى داباریینە و لە وەرزەکانى دابارین دا رێژەیەکی ئاو سەردەکات و بەشی هەرە زۆری بە بێ سوود ڕێدەکات و سودێکى ئەوتۆی لێنابینریت، سەرەڕاى ئەوەى بەشێکى بەشێوەیەکی سروشتى دەبێتە ئاوى ژێر زەویی ، بەڵام زۆرینەى بە بێ سوودى راستەوخۆ بەفیرۆ دەچێت ، حکومەتى هەرێمى کوردستان پلانى دروستکردنی ژمارەیەک بەنداوى داوە کە ژمارەیان (9)پۆند و پرۆژەى ئاوى جۆراوجۆرە بە بڕیی 265 ملیار دینار و بڕی 252 ملیار و 800 ملیۆن مەتر سێجار ئاو گل دەداتەوە، لەم راپۆرتەدا بە کورتى ئاماژە بە هەندێکیان دەکەین.
پرۆژەى بەنداوى دوین:
ئەم بەنداوە دەکەوێتە ناوچەى شەقڵاوەى سەر بە پارێزگاى هەولێر ، ئەم بەنداوە 88 ملیار دینارى بۆ تەرخانکراوە و ساڵانە 100 ملیۆن مەتر سێجا ئاو گلدەداتەوە، بەنداوەکە بەشێوازی کۆنکرێتى ئاڕ سی سی دروستکراوە و 75 مەتر بەرزە و 320 مەتریش درێژە.
گۆمەسپان
بەنداوى گۆمەسپان بەنداوێکى خاکییە و لەسەر روباى بەستۆرە بونیاد نراوە و نزیکەى 30 کیلۆمەتر لە ناوەندی پارێزگاى هەولێرەوە دوورە، ئەم بەنداوە پشتگیری لە وێستگەیەکی بچووکی کارەبای ئاوی 2.4 مێگاوات دەکات. پێشبینی دەکرێت 4 ھەزار ھێکتار (9900 دۆنم) ئاودێری بکات. دروستکردنی بەنداوی کۆنکرێتی بە بەرزی ٨٥ م (٢٧٩ پێ) لە ساڵی ٢٠١٣ دەستیپێکردووە و لە ساڵی ٢٠٢٣ تەواو بووە.
ئەو پرۆژە 95 ملیار دینارى تێچووە و 97 ملیۆن مەتر سێجا ئاو گلدەداتەوە.
بەنداوى دێوانە:
بەنداوی دێوانە یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژەکانی هەرێمی کوردستان کە سێیەم گەورە بەنداوە لە دوای بەنداوی دوکان و دەربەندیخان و دەکەوێتە قەزای دەربەندیخان سنوری پارێزگای سلێمانی، بەنداوی دێوانە بەنداوێکی گڵییە کە بەرزیەکەی 42 م و درێژیەکەی 440 م وە پانی سەر ڕووی بەنداوەکە 9 م ، توانای گلدانەوەی 21 ملێون مەتر سێجا ئاوی هەیە, تێچووەکەی 26ملیار و 600ملیۆن دینارە.
بەنداوی بەستۆرە:
بەنداوى بەستۆرە دەکەوێتە پارێزگاى هەولێر و له جۆری خاکییە، 30 مەتر بەرزە و، توانای گلدانەوەی 20 ملیۆن مەتری سێجا ئاوی هەیە، تێچووەکەی 23 ملیار دینارە.
بەنداوى خنس:
بەنداوی خنس، یەکێکە لە بەنداوە نوێیەکانی هەرێمی کوردستان لە قەزای شێخانی سەر بە پارێزگای دهۆک دروستکراوە؛ بەنداوەکە دووەم گەورەترین بەنداوی پارێزگای دهۆکە و لە جۆری خاکییە، تێچووەکەی 9 ملیار و 200 ملیۆن دینارە و دەتوانێت 7ملیۆن مەتر سێجا ئاو گلبداتەوە.
بەنداوى ئاقوبان :
بەنداوی ئاقوبان کە دەکەوێتە قەزاى شەقڵاوەى سەر بە پارێزگاى هەولێر ، ڕووبەرەکەى 400 هەزار مەتر دووجایە، بەرزییەكەی 31 مەترە، توانای گلدانەوەی 2.6 ملیۆن مەترسێجا ئاوی هەیە و بڕی تێچووى 8ملیارو 100 ملیۆن دینارى تێچووە.
بەنداوى توڕەجار:
بەنداوی توڕەجار دەکەوێتە ئیدارەى گەرمیان ، لەسەر ڕووبەری 450 هەزار مەتردووجا دروست کراوە، بەرزییەکەی 17 مەترە، توانای گلدانەوەی 2 ملیۆن مەترسێجا ئاوی هەیە، بڕی پێنج ملیارو 200 ملیۆن دینارى تێچووە.
بەنداوى شەوگێڕ:
ئەم بەنداوە یەکێکە لە پرۆژە گرنگەگانى کابینەى نۆیەم دەکەوێتە سنوورى قەزاى کۆیە لە سنوورى پارێزگاى هەولێر و لەسەر ڕووبەری 230هەزار مەتر دووجا بری 5ملیار و 600 ملیۆن دیناری تێچووە و دوو ملیۆن مەتر سێجا ئاو گلدەداتەوە، بەرزیی بەنداوەكە 30 مەترە، ئێستا 1.5 ملیۆن مەترسێجا ئاوی تێدا گل دراوەتەوە.
بەنداوی چەمرگە:
بەنداوى چەمرگە دەکەێتە سنوورى قەزاى قوشتەپەى سەر بە پارێزگاى هەولێر، بە گوژمەی 4 ملیار و 300 ملیۆن دینار دروستکراوە، بەرزی بەنداوەکە 17.5م و درێژییەکەشی 262 مەتر و پانیەکەشی 8 مەترە.
بەگشتی سوودە گرنگەکانی بەنداوەکان، جگە لە پاراستنی سامانی ئاو، بەھێزکردنی ژێرخانی ئابووریی ھەرێمی کوردستان و سەرچاوەیەکی یاشی ئاودێری بۆ زەوییە کشتوکاڵییەکان بووەتەهۆی پاراستن و زیادکردنی سامانی ماسی، لە ڕوویەکی دیکەوە، کەرتی گەشتیاریی لەو ناوچانەی بەنداوەکەی لێ دروستکراوە بوژاندووەتەوە و، سوودی زۆری بۆ جوانترکردنی ناوچەکە بووە و بووەتە ھۆی سەرنجڕاکێشانی گەشتیاران و قازانج بۆ دانیشتووانی ناوچەکە.
ڕەھەندێکی دیکەی بەنداوەکان پاراستنی خەڵکى ناوچەکەیە لە کاریگەرییەکانی لافاو، لەبەرئەوەی لە دوورخستنەوەی مەترسیی ڕوودانی لافاو و زیانگەیاندن بە گوند و شارەدێ و شارۆچکەکانی دەوروبەری کاریگەریی دەبێت، هەروەها بووەتە سەرچاوەیەکی گرنگی لەوەڕگا و ئاوی خواردنەوەشی بۆ ئاژەڵەکان دابین کردووە
ئەوەی ئاماژەى پێکرا، ئەو پرۆژە ستراتیژییانەى بوارى بەنداوو گلدانەوەى ئاو بوون لە سەردەمی کابینەى نۆیەمی حکومەتى هەرێمى کوردستاندا و لە بەشەکانی دیکەدا ئاماژە بە دەستکەوتە گرنگەکانى دیکەى کابینەى نۆیەمی حکومەتى کوردستان دەکەین.