هەرێم نیوز
میدیاکانی عێراق ئاماژە بەوە دەکەن کە چاوەڕوان دەکرێت قەبارەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبێتەوە، بەجۆرێک کە لە مانگی تشرینى دووەمی داهاتوودا بگاتە نزیکەی 250,000 بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
ئەمە لە کاتێکدایە کە لە سەرەتای ئەم مانگەوە، ڕۆژانە نزیکەی 135,000 بەرمیل نەوت لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆ (SOMO)ـەوە بەرەو بەندەری جەیهانی تورکیا ڕەوانە کراوە.
پڕۆسەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم بۆ بازاڕەکانی جیهان لە ڕۆژی شەممە، 27ی ئەیلوولی 2025، دەستیپێکردەوە، دوای نزیکەی دوو ساڵ و حەوت مانگ وەستان، کە بەهۆی بڕیارێکی دادگای نێودەوڵەتی پاریسەوە لە ئازاری 2023 ڕاگیرابوو.
لە کاتی دەستپێکردنەوەدا، بڕیاری ئەوە درابوو کە ڕۆژانە 190,000 بەرمیل نەوتی خاو لە کێڵگەکانی هەرێمەوە هەناردە بکرێت، هاوکات بڕی 50,000 بەرمیل بۆ پێویستی ناوخۆیی هەرێم گڵبدراوەتەوە. بڕی 135,000 بەرمیل، کە ئێستا هەناردە دەکرێت.
هەناردەکردنی نەوتەکە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکی سێ قۆڵیدا لەنێوان حکومەتی فیدراڵ، حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نەوتییە بیانییەکانی هەرێم جێبەجێ دەکرێت. بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای سۆمۆ جەختی لەوە کردووەتەوە کە پارەی نەوتەکە دەخرێتە سەر هەژماری عێراق لە بانکی فیدراڵی ئەمەریکا و دڵنیایی بە کۆمپانیاکان دراوە لەسەر وەرگرتنی شایستە داراییەکانیان.
محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەو ڕێککەوتنەی بە "مێژوویی" ناو هێنا و ڕایگەیاند کە پڕۆسەکە لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی یاسای بودجەی سێ ساڵەدا دێت، کە بەپێی ئەو یاسایە، هەرێم پابەندە بە ڕادەستکردنی بڕێکی دیاریکراوی نەوت لە بەرامبەر وەرگرتنی پشکی بودجەکەی.