دواین هەواڵ

کوردستان‌

 14 کاتژمێر پێش ئێستا

د. شاخەوان عەبدوڵڵا: ڕێگە نادەین هەندێک لایەن بۆ بەرژەوەندیی تەسکی خۆیان ئارامی و پێکەوەژیان بەئامانج بگرن

هەرێم نیوز

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق داوا لە هەموو لایەک دەکات هێمنی لە شارۆچکەی پردێ بپارێزن و ڕێگری لە هەر گرژییەک بکرێت کە برایەتیی نێوان پێکهاتەکان دەخاتە مەترسییەوە. هاوکات ئاشکرای کرد، پەیوەندیی بە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووکەوە کردووە بۆ کۆتاییهێنان بە گرژییەکان.

د. شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە پەیامێکدا سەبارەت بە ڕووداوەکانی ئەمشەوی شارۆچکەی پردێ، داوای لە هەموو لایەک کرد هێمنی بپارێزن.

لە پەیامەکەیدا هاتووە: "داوا لە هەموو لایەک دەکەم هێمنی بپارێزن و ڕێگە لە هەر گرژییەک بگیرێت کە برایەتیی نێوان پێکهاتەکان بخاتە مەترسییەوە. هەروەها ڕێگە نادەین هەندێک لایەن بۆ بەرژەوەندیی تەسکی خۆیان، ئارامی و پێکەوەژیان لەو شارەدا بە ئامانج بگرن".

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کرد: "بۆ ئەو مەبەستە، پەیوەندیم بە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک و بەرپرسی بەشێک لە حزبەکانی شارۆچکەکەوە کرد، بۆ ئەوەی کۆتایی بە گرژییەکان بهێنرێت و دۆخەکە ئاسایی ببێتەوە و ئاسایشی کۆمەڵایەتی پارێزراو بێت".

لە کۆتاییدا نووسیویەتی: "خودای گەورە شارۆچکەی پردێ و خەڵکەکەی بپارێزێت".

ئەمەش لەكاتێكدایە، كە ئەمشەو، لایەنگرانی بەرەی توركمانی لە پردێ، ئاڵا و پۆستەر و فلێكسی كاندیدانی پارتی و لایەنە كوردییەكانیان لێكردەوە، بەو هۆیەوە شەڕ و ئاڵۆزی لەنێوان هەردوولا دروست بوو، بۆ ڕێگەگرتن لە تەشەنەكردنی ئەو شەڕ و ئاڵۆزییە، پۆلیسی پردێ كەوتە نێوانیان.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP