هەرێم نیوز
سەرۆکی ئەمریکا، لە دەستپێکی گەشتێکیدا بۆ ئاسیا، خواستی خۆی بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ کیم جۆنگ ئون، ڕێبەری کۆریای باکوور نیشاندا و ڕایگەیاند، 100% ئامادەیە بۆ کۆبوونەوە. ترەمپ ئامانجی سەرەکیی گەشتەکەی، گەیشتنە بە ڕێککەوتنێکی بازرگانی لەگەڵ چین.
ڕۆژی هەینی، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێش بەڕێکەوتنی لە واشنتنەوە بۆ کۆریای باشوور، خواستی خۆی بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ کیم جۆنگ ئون، ڕێبەری کۆریای باکوور نیشاندا.
ئەمە یەکەم گەشتی ترەمپە بۆ ئاسیا لە دوای گەڕانەوەی بۆ دەسەڵات.
ترەمپ لە کۆشکی سپی بە ڕۆژنامەنووسانی گوت: "حەز دەکەم لەگەڵ کیم کۆببمەوە، ئەو دەزانێت ئێمە بەرەو ئەوێ دەچین." جەختیشی کردەوە، 100% ئامادەیە بۆ ئەو کۆبوونەوەیە.
سەرۆکی ئەمریکا گوتی: "پەیوەندیم لەگەڵ ڕێبەری کۆریای باکوور زۆر باشە"، ئاماژەی بەوەش کرد، لەگەڵیدا تەبایە کە دواجار لە ساڵی 2019دا چاوی پێی کەوتووە.
گەشتەکەی ترەمپ سەردانیکردنی ژاپۆن و مالیزیاش لەخۆدەگرێت، بەڵام ئامانجی سەرەکی، ئەنجامدانی گفتوگۆی گرنگە لەگەڵ شی جینپینگ، سەرۆکی چین لە کۆریای باشوور، بە مەبەستی گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی بازرگانی لەگەڵ چین.