دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 6 کاتژمێر پێش ئێستا

کابینەى نۆیەم، کابینەى پرۆژە ستراتیژییەکان چاکسازیی بنەماى کارکردنى کابینەی نۆیەم

هەرێم نیوز

دروشمى سەرەکی کابینەى نۆیەمی حکومەتى هەرێمى کوردستان هەر لەسەرەتاوە تا ئێستاش دژایەتیکردنی گەندەڵیی و گەندەڵکاران بووە، لەو پێناوەشدا چەندین کۆسپ و ئاڵنگاریی هاتووەتە بەردەم، بەڵام لەهیچ یەکێک لەو وێستگانەدا لاینەداوە و بە هاش و هوشى ئەم و ئەویش رەوتى خۆی رانەگرتووە، بۆ چارەسەرکردنى کێشەکانیش دژایەتیکردنی گەندەڵییە فراوانەکەى کوردستان بوو، کە دەبوو بەشێوەیەکى ستراتیژیی بەگژیدا بچێتەوە، بۆئەو مەبەستەش چەندین هەنگاوی هەڵگرتووە.

 چاکسازییە کارگێڕییەکان:

یەکێک لەو کێشانەى کە لەهەرێمى کوردستاندا بوونیان هەبوو، پێشتر کەسانى نەشیاو لە شوێنى هەستیاردا دانرابوون، سەدان کەس لە سەر بنەمای مەحسووبیەت و مەنسوبیەت لە پلەو پۆستى تایبەتدا کاریان دەکرد و ئەوەش ببوە هۆی نیگەرانی خەڵک، دەبوو حکومەتى هەرێمى کوردستان شتێک بکات بۆ ئەوەى پێداچوونەوە بەو دۆسیانەدا بکات و بە لەسەرخۆیی هەمووان بخاتەوە شوێنى خۆیان، بۆ ئەو مەبەستە پێداچوونەوە کراوە بۆ نزیکەى 1500 دۆسیەى پلەباڵاکانى حکومەت و دۆسیەکانیان تەواو کراوە و خراونەتە شوێنى تایبەت و گونجاوى خۆیان. هەر لەو میانەیەدا پێداچوونەوە بۆ 357 هەزار و 815 دۆسییەى فەرنانبەرانى شارستانی کراوە و لە رێگەى ئەپێکەوە لە نێۆ مۆبایلەکانیاندا دەزانن مانگانە چەندە مووچە وەردەگرن و سەرجەم وردەکارییەکانی تێدایە. لەو ژمارانە 402 دۆسیەى فەرمانبەران نوقسان بووە و رێکنەخراو بووە و رێکخراونەتەوە و چوار هەزار و 189 دوو مووچەی نایاسایی بڕاون کە خەڵک هەمیشە گلەو گازندەى لەو بارەیەوە هەبووە.

 پێشمەرگەى کوردستان:

لە میانى چاکسازییەکانى کابینەى نۆیەمی حکومەتى هەرێمى کوردستان دا 88 هەزارو 900 پێشمەرگە لەسەر هێزی حیزبى و و فەرماندەییەکان لابراون و بوونەتە ئەندامی وەزارەتى پێشمەرگە و ئەوەش خواستى خودی پێشمەگە و داواکاریی جەماوەریی بووە و کابینەى نۆیەم ئامادەی کردوون، وەک سەرچاوەکان باسی دەکەن ئەمە هەنگاوێکى بوێرانە و ستراتیژییە بۆ ئەوەى بەیەکجاریی پێشمەرگەى لایەنەکان نەمێنن و هەمووان ببنە پێشمەرگەى کوردستان و پێکەوە بەرگریی لە خاک و نیشتمان بکەن.

 خانەنشینى:

یەکێک لە وێستگەکانى چاکسازیی لە کابینەى نۆیەم رێکخستنەوەى مووچەى خانەنشینان بوو لەگەڵ حکومەتى فیدراڵی و دواى هەوڵێکی زۆر توانرا لە بەرژەوەندیی خانەنشینان یەکبخرێتەوە و ببێتە دڵخۆشییان، بەشێک لەوانە پێشمەرگە ماندوو نەناسەکانى کوردستان بوون، بۆ ئەو مەبەستە 17 هەزار و 805 دۆسیەى خانەنشینی لە وەزارەتى پێشمەرگەوە تەواو کراوە و رەوانەى وەزارەتى دارایی و ئابووری کراوە، ئەوەش بەشێکى بچووک بووە بۆ خزمەتکردنی پێشمەرگەى کوردستان.

 قەرزەکانى حکومەت:

هەرچەندە حکومەتی هەرێمی کوردستان رێژەیەکی زۆر پارەى قەرزی راستەوخۆ و بەکاربردنى لاى هاووڵاتییانە، بەڵام لەبەر بارودۆخی دارایی خەڵک فشاری نەکردووە، بۆ ئاسانکاریی جاروبار داشکاندنى قەرزەکانى راگەیاندووە بەڕێژەى جیاواز لە 15%ـەوە بۆ 20%، ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەى لە کابینەى نۆیەمەدا نزیکەى 20 ترلیۆن دینار بگەڕێتەوە بۆ حکومەت، لە قەرزە بازرگانییەکانیش 138 ملیار و 600 ملیۆنى بۆ گەڕاوەتەوە.

 هەژمارى من:

یەکێک لە ڕێگە چارەکانى کەمکردنەوە گەندەڵی و نەهێشتنی رۆتین بە ئەلیکترۆنیکردنی مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان بووە، بۆ ئەو مەبەستە پرۆژەى هەژماری من (سەرەڕای دژایەتیکردنى نەزانانە) سەریگرت و لە ئێستادا زۆرینەى رەهای فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان خاوەنی هەژمارى خۆیانن و ئەوەش ماوە رۆژانە خۆیان تۆمار دەکەن، بەمەش هەنگاوێکى باش لە پەیوەندییە بانکییەکانى نێوان هەرێمی کوردستان و بانکە عێراقی و ناوچەییەکان چوونەتە پێشەوە، بەشێکى زۆرى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان لە رێگەى هەژمارى من و ئەى تیى ئێمەکانەوە مووچەکانیان وەردەگرن، هەرچەندە هەندێک وردە کێشەیان تێدایە بەڵام بۆ ئێمەى کوردستانى کە هێشتا ئەزمونێکى دەوڵەمەندمان نییە لە بوارى بانکیدا زۆر سەرکەوتوو بووە. 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP