دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 11 کاتژمێر پێش ئێستا

نەوەی نوێ لە پەرلەمانی بەغداد؛ نموونەی خراپترین جۆری نوێنەرایەتیکردنی خەڵکی کوردستانن

هەرێم نیوز

ئامار و ئاماژەکان بەڕوونی دەرخەری ئەوەن، نەوەی نوێ لە بەغداد نوێنەرایەتییەکی ناشایست و خراپترین ئاستیان هەبووە لە دەرکەوتن و خزمەت و کارکردندا.

بەپێی بەدواداچوونێکی ناوەندی (متوسط)، لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا چالاکی و بەشداری 9 پەرلەمانتارەکەی نەوەی نوێ لە بەغدا لە خراپترین ئاستدا بووە، بە جۆرێک زۆربەیان لەو چوار ساڵەدا تەنها دوو دەقە قسەیان کردووە لەناو هۆڵی پەرلەمان.

- ئاریان تاوگۆزی هەڵەبجە 1 جار قسەی کردووە.
- محمەد ئیسماعیل ناسراو بە (حمە مژدە) 2 جار قسەی کردووە.
- بەدریە ئیبراهیم 2 جار قسەی کردووە.
- ڤیان عەبدولعەزیز 3  جار.
- مۆفەق حسێنی گەرمیان 3 جار
- وەزیرە ئەحمەد 5 جار
- ڕێبوار ئەوڕەحمان 6 جار
- سروە عەبدولواحید 19 جار
- ئومێد  محەمەدی کەرکوک 15 جار.

ئەوەش لەکاتێکدایە بۆ ئەم هەڵبژاردنەش لەو پەرلەمانتارە دیسان 7یان خۆیان کاندید کردوەتەوە، بۆیە پێدەچێت ئەمجارە وەک پێشوو دەنگدەران متمانەیان پێنەکەنەوە و دەرچوونیان ئەستەم بێت بەتایبەت لە بازنەی سلێمانی.

نەوەی نوێ و کاندیدەکانی لە تۆڕە کۆمەڵاتییەکاندا بەجۆرێک خۆیان دەردەخەن، کە ئەوان نەبن هیچ پڕۆژەیەکی باش و یاسایەکی سوودبەخش بۆ خەڵکی بوونی نەبووە و نابێت، بەڵام هەر ئەمەش یەکێکە لەو خاڵە لاوازانەی کە خەڵکی پشتیان تێدەکەن، ئەم حزبە هەمیشە خۆی هەڵدەواسێت بە کارو پڕۆژەی حزبەکانی دیکەدا، بەڵام ئەم سیاسەتە شکستخواردووە تا دێت زیاتر سەری حزبەکە دەخوات، بەوپێیەی متمانەی خەڵکی لەدەستدەدات و هاوڵاتییان ڕاستییەکانیان زۆر زوو بۆ دەردەکەوێت.

دیوێکی دیکەی شکستەکانی ئەم حزبە ئەوەیە، هەمیشە بۆ نمایش و شۆی میدیایی، سکاڵا تۆمار دەکەن، بەهەڵە و شکستخواردووییش لێی دەردەچن، ئەوان لە دژی کارەبای 24 کاتژمێری سکاڵایان کرد و بەهیچ نەگەیشتن، تەنانەت بۆ داخستنی پەرلەمانی کوردستانیش هەمان نمایشیان تاقیکردەوە و سەرکەوتوو نەبوون. بەوپێی بناغەی کارەکانیان جیا لە نمایشی میدیایی هیچی دیکە نییە.

حزبەکە بە جۆرێک دەستی بەتاڵە لە ئایدۆلۆژیا و پڕۆژەی نیشتیمانی، کە کاری ببووە دژایەتی کردنی حکومەت و قەوارەی هەرێمی کوردستان. لە کاتێکیشدا هەمیشە شکستیان خواردووە و خەڵکی باوەڕ بە حزبەکە ناکەن، تەنانەت پێشتر نیوەی کاندیدەکانیان لەم حزبە دەرچوون و بۆیان دەرکەوتبوو حزبی تاکە کەسێکە و بەرژەوەندی بازرگانی تایبەتی خۆی پاڵنەری کارە سیاسییەکەیەتی. کۆی ئەمانە و زیاتریش سەلمێنەری ئەوەن ئەم حزبە نموونەیەکی زەقی حزب و بەرەیەکی دۆڕاوی سیاسین.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP