دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 2 رۆژ پێش ئێستا

نوێنەرە نوێیەکەى ترەمپ عێراقییە و بازرگانى مادەى هۆشبەرە

هەرێم نیوز

هەرچەندە هێشتا لە عێراق بە فەرمی هەڵوێست نەنوێنراوە بەرامبەر دیاریکردنى – مارک سافایا- لە لایەن دۆناڵد ترەمپەوە بۆ کاروبارەکانى ئەمریکا لەم وڵاتەدا و بەتایبەتى وەزارەتى دەرەوە کە لایەنی پەیوەندیداری ئەو دۆخەیە شتێکى فەرمیی نەدرکاندووە یان بەیاننامەیەکی بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام ناوەندى میدیایی و سیاسی و شرۆڤەکاران وا نیشاندەدەن کە دۆخەکە ئاسایی نییە و لەو بوارەدا ناکۆکی و ترس و دڵەڕاوکێ  لە ئاراداهەیە.

بەگوێرەى راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان ساڵێک دەبێت ئەرکی ئیلینا رۆمانسکی وەک نوێنەرى ئەمریکا لە عێراق کۆتایی هاتووە و لە لایەن جۆشوا هاریسى دبلۆماتکارەوە کارەکان بەڕێوەبراون و لە ئێستاشدا سافایا دیاریکراوە بۆ نوێنەرایەتى ئەمریکا لە عێراق، گەرچى خۆی بەڕەگەز و بنەچە عێراقییە و لە رۆژى یەکشەممەى رابردووەوەوە دیاریکراوە، بەو پێیەى سافایا دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتى عێراق باش دەناسێت و لەگەڵ بەشێک لە پێکهاتەکانیشدا دەست و پەنجەى نەرمکردووە، پێدەچێت لەوانى تریش سەرکەوتووتر بێت، ترەمپ لە تۆڕە تایبەتەکەى خۆی نوسی: مارک تێڕوانینێکی قووڵی هەیە بۆ پەیوەندییەکانى نێوان ئەمریکا و عێراق، پەیوەندی فراوانى لەگەڵ بەرپرسانى ناوچەکە هەیە، دەشزانێت چۆن بەرژەوەندییەکانى گەلانى ئەمریکا بپارێزێت.

ئەوەى کە سەرنجی هەمووانى راکێشاوە ئەوەیە نوێنەرە نوێیەکە بەڕەگەز عێراقییە و لە پێکهاتەى کلدانییەکانە و بە ئاینییش مەسیحییە، لەساڵی 1990 ـەوە چوونەتە ئەمریکا، سەرەڕاى ئەوەى لەنێو کایەى سیاسیدا ناوێکى دیار و بەرجەستە نەبووە، بەڵام میدیاکانى ئەمریکا رایانگەیاندووە کە سافایا رۆڵی سەرەکیی هەبووە لەوەى موسڵمانەکانى ئەمریکا زۆرینەیان دەنگیان بە ترەمپ داوەتەوە، یەکێکى دیکە لەو بابەتانەى کە عێراقییەکانى سەرقاڵکردووە ئەوەیە کە پێشینەى ئەم نوێنەرە نوێیە بارزگانیکردن بووە لە بواری مارۆجوانا دا کە لەسەر ئاستى نێو دەوڵەتى بە یەکێک لە مادە هۆشبەرەکان دێتە ئەژمار.

وەزیرى پێشووى عێراق هۆشیار زێبارى لە تۆڕی کۆمەڵایەتى ئێکس بە جۆرێک لەترسەوە نوسیوەتى: دانانى کەسێکى کلدانى مەسیحی عێراقى لە لایەن ترەمپەوە وەک نوێنەرى ئەمریکا دیاریکردوە دانپێدانانى ئاڵۆزیی دۆخی ئەم وڵاتەیە و پێویستى بە ئیجرائات و بڕیارگەلێکی یەکلاکەرەوە هەیە لە بوارەکانى ئابووری و سیاسیدا، بۆ ئەوەى ئەو ئاڵۆزییەى لە دۆخەکەدا هەیە راست بکرێتەوە. هەرچەندە زێباریی هیچ ئاماژەیەکی بە ئاڵۆزیی و نالەبارییەکانى عێراق نەکردووە، بەڵام هەموو ئاماژەکان باس لەوە دەکەن ئەمریکا هەموو تواناى خۆی بۆ خاڵێک یەکلایی کردووەتەوە ئەویش کەمکردنەوەى هەژموونى ئێران لە عێراق، یەکێک لەو رێگایانەش کەمکردنەوەى چالاکیی میلشیاکانە لەناوخۆی عێراقدا و لە قاڵبدانیانە بۆ ئەوەى نەتوانن هیچ جموجوڵێک ئەنجام بدەن، لەناو ئەوانەشدا چارەسەرکردنى حەشدى شەعبییە لەڕێگەى ئەو یاسایەوە کە ماوەیەکى زۆرە ئەمسەرو ئەوسەرى پێدەکرێت.

غازی فەیسەڵ شرۆڤەکار و شارەزاى سیاسی  و دبلۆماسىى عێراقیی پێى وایە ئەو کارانەى کە ترەمپ دەیەوێت لە رێگەى نوێنەرەکانیەوە بیکات لەڕێگە فەرمیی و دبلۆماسییەکانى وەک باڵێۆزخانەکانەوە جۆرێکە لە ئەستەم، بۆیە هەمیشە نوێنەرە تایبەتەکانى خۆی دەسەڵاتیان لە وەزارەتى دەرەوە و سلکە دبلۆماسییە فەرمییەکانیش زیاترە، بە پێچەوانەى بۆچوونەکەى زێبارییەوە دەستنیشانکردنى ئەم نوێنەرە نوێیە لە لایەن ترەمپەوە مەبەستەکەى ئەوەیە ئەو دەزانێت چى باشە و چى خراپە و ئەمریکاش دەیەوێت هەنگاوێکی زیاتر لە پەیوەندییەکانى لەگەڵ عێراق بباتە پێشەوە بۆیە سافایاى بەرەگەز عێراقى کردووتە نوێنەری خۆی.

هەرچۆنێک بێت، شرۆڤەکاران باوەڕیان وایە گۆڕانکارییەکى جدی لە پەیوەندییەکانى نێوان عێراق و ئەمریکا بەڕێوەیەو هەمووان لە چاوەڕوانی ئەوەدان بزانن ئاخۆ ئەوەى بە نوێنەری و باڵیۆزخانە و کۆنسوڵخانەکان نەکراوە بەم کوڕە کلدانییە مەسیحییە عێراقییە دەکرێت، یان دواى ئەمیش دووبارە ئەمریکا بەدواى ئەو کۆدە نهێنییەدا دەگەڕێت کە رێگریی دەکات لە هەژموونەکانى ئێران لە عێراق ، یان ئەوەیە کۆڵ دەدات و سیاسەتە دوور مەوداکانى ئێران لە عێراقدا زیاتر رەنگدەدەنەوە؟



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP