هەرێم نیوز
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی چەندین بڕیاری دەرکرد، لەوانە سەپاندنی باجی گومرگی بەسەر دۆشاوی تەماتەی هاوردەکراو و زیادکردنی بودجە بۆ تەواوکردنی ژمارەیەک پڕۆژەی وەستاو لە چەند پارێزگایەک.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە: "بۆ پاراستنی بەرهەمی نێوخۆی عێراق، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا بە سەپاندنی باجی گومرگی بە رێژەی 25% بەسەر دۆشاوی تەماتەی هاوردەکراو بۆ 4 ساڵ. بڕیارەکەش دوای 4 مانگ لە دەرچوونییەوە جێبەجێ دەکرێ."
نووسینگەکە رایگەیاندووە، لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکومەت بۆ بەدواداچوون و تەواوکردنی پڕۆژە وەستاوەکان، ئەنجوومەنەکە چەند بڕیارێکی دەرکرد، لەوانە:
پارێزگای ئەنبار: زیادکردنی بودجە بۆ پڕۆژەی ئاوەڕۆی فەللوجە کە تۆڕی ئاوی رێڕۆی باران، ئاوەڕۆ و وێستگەیەکی دیکەی بۆ زیاد دەکرێ.
پارێزگای نەینەوا: زیادکردنی گوژمەی گشتی بۆ پڕۆژەی دروستکردنی باڵەخانەی بەڕێوەبەرایەتییەکانی پۆلیس لە ناحیەی شوڕە و قەزای بەعاج، دروستکردنی کۆگا بۆ بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی نەینەوا، هەروەها دروستکردنەوەی باڵەخانەی فەرماندەیی پۆلیسی نەینەوا.
پارێزگای دیالە: زیادکردنی گوژمەی پڕۆژەی ئاوەڕۆی خاڵس.
پارێزگای واست: زیادکردنی گوژمەی تەرخانکراو بۆ قۆناخی دووەمی پڕۆژەی پردی کازمییە لە کوت.
بەغدا: زیادکردنی گوژمەی پڕۆژەی چاککردنەوەی دوو مۆلیدە لە کەرخ.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا، رەزامەندی درا لەسەر پڕۆژەیاسای هەموارکردنەوەی یاسای رێکخستنی بریکارنامەی بازرگانی و رەوانەکردنی بۆ پەرلەمان؛ هەروەها بڕیاردرا گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیایەکی تایبەت بکرێ بۆ هەڵسەنگاندنی رەوشی دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراق.