هەرێم نیوز
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، “هیچ پاساوێک نییە بۆ دواخستنی مووچەی ئەم مانگە و هەموو مووچەکانی دیکە، چونکە هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکانی جێبەجێ کردووە.”
مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەراوێزی دانانی بەردی بناغەی کارگەی پاککردنەوەی ئاوی هەولێر دەربارەی مووچە وتی، “دواخستنی ناردنی مووچە هیچ پاساوێکی نییە، چونکە هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکانی خۆی بۆ دابینکردنی ئەو بەشەی دەکەوێتە سەر هەرێمی کوردستان جێبەجێ کردووە و هیچ پاساوێک نییە بۆ دواخستنی.”
لەبارەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش وتی، “دەمانویست دوای هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان حکومەتێکی کارا و هەمەلایەن پێبکبێت.”
ڕاشیگەیاند، چەندین جار داوامان کردووە زوو حکومەتی نوێ بۆ خزمەتی هاووڵاتییان پێکبهێنین، هەندێک لایەن ویستوویانە وەکو ئۆپۆزیسیۆن بمێننەوە و وە لایەنی دیکەش کە خواستی ئەوەی هەبووە بەشداربێت لە حکومەت ئامادەییان تێدانەبووە زووبگەینە ڕێککەوتن لەسەر پێکهێنانی حکومەت، ئێستا دوای هەڵبژاردن هەل و مەرجێکی نوێ هاتووەتە ئاراوە لەسەر ئەو بنەمایە بەردەوام دەبین لە گفتوگۆ.
جەختیشی كردەوە، “گفتوگۆکان هەر بەردەوام بوون و نەمانوەستاندوون، بەڵام هەلومەرجی نوێ هاتووەتە پێشەوە و بەپێی ئەو هەلومەرجانە گفتوگۆ دەکەین.”
لەبارەی کۆبوونەوەی لەگەڵ سودانی، مەسرور بارزانی ڕایگەیاند: دیداری تایبەتمان دەبێت لەگەڵ سودانی، لەبارەی تێگەیشتن لە پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق و پرسی چارەسەری کێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.