هەرێم نیوز
دوای ئەوەی دوێنێ پەرلەمانتارێکی حزبی تەقەدووم، دەستڕێژی گولەی لە ماڵی پێشمەرگەیەک کرد لە دووبز، هەریەک لەوەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم و فەرماندەی هێزەکانی زێرەڤانی ڕاگەیاندراوێکیان بڵاوکردەوە.
ئەمڕۆ یەک شەممە، 16 11ی 2025 ، وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەربارەی هێرشەکەی دووبز ڕایگەیاند "هێزێکی ئەمنی هاوبەش، فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ حەوت کەس جێبەجێکرد کە تۆمەتبارن بە دەستدرێژیکردنە سەر خێزانێک لە پارێزگای کەرکوک، لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن بۆ دڵنیابوون لە لێپرسینەوە لە هەموو ئەو کەسانەی دەستیان لە ڕووداوەکەدا هەیە".
هەروەها ئەوەش هاتوە " هێزە ئەمنییەکان بەردەوامن لە گەڕان و لێکۆڵینەوەکانیان بۆ دەستگیرکردنی سەرجەم ئەو کەسانەی دەستیان لە ڕووداوەکەدا هەبووە".
لە ڕاگەیاندراوێکی دیکەدا هەر ئەمڕۆ فەرماندەی پێشمـەرگە دەڵێت "ئێمە لە فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی بە تووندی ئیدانەی ئەو کردارە نامرۆڤانەیەی موهەیمەن حەمدانی دەکەین و داوا لە هێزە ئەمنییەکان و ئیدارەی قەزای دووبز دەکەین بە زووترین کات رێوشوێنی تووندی یاسایی بەرامبەر ئەو بەربژێرە بگرنە بەر و بە سزای یاسایی خۆی بگەیێنرێت".
ئەمەش لەکاتێکدایە، ١٥ کانوونی دووەم ٢٠٢٥، بەربژێرێکی دەرچووی تەقەدووم، بەناوی موهەیمەن حەمدانی، لەگەڵ پاسەوانەکانی، دەستڕێژی گوللـەیان لە ماڵی پێشمەرگەیەکی زێرەڤانی لە قەزای دووبزی سەر بە کەرکووک، و لە ئەندامانی خێزانەکەی درا، دوا بەدوای هێرشەکە نووسینگەی تەقەدووم لە دووبز داخرا و چوار پاسەوانی تەقەکەرەکەش خۆیان رادەستی هێزە ئەمنیەکان کرد، بە ووتەی ئەو پێشمەرگەیەی هێزی زێرەڤانی کە بەڕەگەز عەرەبە و لە کاتی هێرشەکەدا لە ماڵ نەبوە، بە هۆکاری ئەوەی لە هەڵبژاردن دەنگی بە موهەیمەن نەداوە بۆیە هێرشی کردوەتە سەر.